پەرلەمانتارێکی عێراق: سوودانی بەڵێنیداوە پێشنیازێکی باش بۆ هەمواری یاسای بودجە بخاتەڕوو

11-12-2023
پەیمان محەممەد
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی موسەننا ئەمین.
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی موسەننا ئەمین.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ''سەرۆکوەزیران بەڵێنیداوە پێشنیازێکی باش بۆ دەرهێنانی مووچەی فەرمانبەران لە بودجەی راستەقینە ئامادە بکات." گوتیشی، "لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 400 جۆری باج و رسوومات وەردەگیرێن."
 
رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''ئەو سێ مانگەی کە مووچە نەدراوە، لە ئەستۆی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە و لە هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2024دا گوژمەیەکی بۆ دیاریبکرێت.''
 
موسەننا ئەمین گوتی، عێراق هۆکاری سەرەکیی بڕینی ئەو سێ مووچەیەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، ''چونکە رێگر بووە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆیە حکومەتی فیدراڵی دەبێ بەشێکی گەورەی ئەم پارەیە قەرەبوو بکاتەوە و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکبکەون و مافی هاووڵاتییان بگەڕێننەوە.''
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی لە پاریس، لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت کە عێراق بە قەرز رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.
 
رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران، کە تاوەکو ئێستا یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینارى ناردووە، کە لەگەڵ داهاتی نێوخۆ مووچەی دوو مانگی تەممووز و ئابی مووچەخۆرانی پێ دراوە.
 
رۆژی شەممە، 09-12-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداودا کە لە بەغدا تۆمارکرا، باسی لە ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "دوێنێ واژۆم لەسەر ناردنی 700 ملیار دیناری قەرز بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان کرد.''
 
ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەو 700 ملیار دینارەیە کە سوودانی واژۆی لەسەر ناردنی کردووە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بکات. چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا 700 ملیار دینارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان.
 
دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەران دەکرێت، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی کردووە، بۆ ئەوەی هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی راستەقینە جیابکرێتەوە. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەیدا، ''سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پێشنیازێکی باش بۆ هەمواری یاسای بودجە و جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە بودجەی راستەقینە بخاتەڕوو.''
 
یەکێک لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ''دیوانی چاودێریی دارایی هەردوو حکومەت خوێندنەوەیان بۆ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە و راپۆڕتەکەی ئامادەیە، ئەمەش بە ''هەنگاوێکی زۆر گرنگ'' بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هاووڵاتییان دەزانێت.
 
''نزیکەی 400 جۆر باج لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت''
 
بەشێک لە کورتهێنانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی داهاتی نێوخۆ و دەروازە سنوورییەکانەوە دابین دەکرێت، موسەننا ئەمین باسی لەوە کرد، ''لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 400 جۆری باج و رسوومات لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت کە تائێستا بە داهاتی گومرگیشەوە هیچی بە بەغدا نەدراوە، پێویستە لانیکەم مووچەی دوو مانگی مووچەخۆرانی پێ دابین بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی نەکردووە.''
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لە خستنەڕووی داهاتەکانیدا شەفاف بێت، بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵیش بەدواداچوون بۆ داوای هاووڵاتییان بکات.
 
هەر ئەمڕۆ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەیە کە لەسەر ئەو پرسانە لەنێوان هەردوولادا هەن لە بەغدایە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری وان لە باکووری کوردستان.

لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان هۆشداریی لافاو و رەشەبا دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، هۆشداری لێزمەباران، لافاو و رەشەبا لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان دەدات. پێشبینی دەکات کەشەکە دوو رۆژ لە هەشت پارێزگای دیکەش بەردەوام بێت.