رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتەکە هەموو رێکارەکانی تایبەت بە دەرماڵەی زانکۆ و پەیمانگەکانی تەواوکردووە و "پڕۆسەکە لە وەزارەتی دارایی لەسەر پارە و سیولە وەستاوە".
رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دواکەوتنی دەرماڵەی زانکۆ و پەیمانگەکانەوە رایگەیاند، ''ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە هەیە، لە 18ـی مانگی شەشەوە هەموو رێکارەکانی تایبەت بە خۆمان تەواوکردووە و ناردوومانە بۆ هەموو زانکۆ و پەیمانگەکان.''
د. ئارام محەممەد گوتی، هیچ زانکۆیەک نەماوە ئامادەکاریی دەرماڵەی لەلایەن وەزارەتەوە بۆ نەکرابێت، ''بەڵام پڕۆسەکە لە وەزارەتی دارایی، لەسەر پارە و سیولە وەستاوە.''
ئەمڕۆ دووشەممە دەرماڵەی مانگی ئەیلوولی 2022 لە زانکۆی دهۆک دابەشدەکرێت، دابەشکردنی دەرماڵە لە زانکۆی دهۆک لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سلێمانی نۆ دەرماڵەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی 2022 و شەش مانگی ئەم ساڵ خەرجنەکراوە، لە هەڵەبجەش دەرماڵەی شەش مانگی ئەم ساڵ خەرجنەکراوە.
لە زانکۆی سەلاحەدینیش، رۆژی سێشەممە 5ـی ئەم مانگە دەرماڵەی مانگی نیسانی ئەم ساڵ خەرجکرا و ئێستا تەنیا مانگی ئایار و حوزەیران ماوە خەرجبکرێت.
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی نێو شار و 60 هەزار دینارە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار.
''هیچ مەترسیەک لەسەر پڕۆسەی خوێندنی باڵا نییە''
لە 13ـی ئەیلوولەوە دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە و بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندن داوای جێبەجێکردنی کۆمەڵێک داواکاری دەکەن.
ئەو ناڕەزاییە کە بەشێکی بەهۆی دواکەوتنی مووچەیە، ژمارەیەک لە فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆکانیشی گرتووەتەوە، وەزیری خوێندنی باڵا لەوبارەوە ئاماژەیدا، ''هیچ مەترسییەک لەسەر پڕۆسەی خوێندن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا نییە و بەگوێرەی ئەو رۆژمێرەی خوێندن کە داندراوە پڕۆسەکە بە سەلامەتییەوە بەڕێوە دەچێت.''
د. ئارام محەممەد جەختی لەوە کردەوە، هیچ کێشەیەک لە زانکۆکاندا نابینرێت کە ببێتە هۆی داخرانیان، ''ئەمەش ئازایەتی مامۆستا بەڕێزەکان و فەرمانبەرانن کە بەرپرسانە هاتوونەتە ژێرباری گرفتی مووچە''.
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ