نەخۆشخانەی شارەزوور: گازێکی خنکێنەر بڵاوبووەتەوە

11-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بۆنێکی ناخۆش لە قەزای شارەزووری سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاوبووەتەوە. نەخۆشخانەی سنوورەکە دەڵێت، "گازێکی خنکێنەرە." قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، گومان دەکەن گازی یەکێک لە کارگەکانی سنووری عەربەت بێت.
 
بۆنەکە دوو رۆژە لەکاتی جیادا لە سنووری قەزای شارەزوور، کە "هەڵەبجەی تازە"شی پێ دەگوترێت، بڵاودەبێتەوە. دوایین جار بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەو بۆنە بڵاوبووەتەوە و خەڵکی شارەکەی هەراسان کردووە.
 
سامان سابیر، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ لە قەزای شارەزوور ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆنی گازێکی خنکێنەرە. خودای گەورە رەحمی کرد ئەمڕۆ باران باری، دەنا بەهۆیەوە دەیان کەس ناچاری چوونە نەخۆشخانە دەبوون."
 
ئەو بەرپرسەی نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ گوتیشی، "بەهۆی بۆنی گازەکەوە چەند هاونیشتمانییەک تووشی هەناسە تەنگی بوون و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە". ئەوەشی خستەڕوو، هۆکاری بڵاوبوونەوەی گازەکە نازانن و قایمقامییەتی سنوورەکەیان ئاگادار کردووەتەوە.
 
رزگار غەفوور، قایمقامی شارەزوور ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمەڵێک هاونیشتمانی لە هەبوونی بۆنێک ئاگاداریان کردینەوە، لە سنوورەکەمان دوو کارگەی گازمان هەیە و لیژنەمان بۆ ناردن هیچ کێشەیەک لای ئەوانەوە نەبوو."
 
قایمقامی شارەزوو دەڵێت، پار هەمان کێشەیان بۆ دروستبووە و دواتر دەرکەوتووە هۆکارەکە کارگەیەک بووە لە سنووری ناحیەی عەرەبەت و لە رێگەی دادگەوە کارگەکەیان ناچارکردووە گازەکە بنبڕ بکات.
 
رزگار غەفوور گوتی، "لە ناحیەی عەربەت چەند کارگەیەک هەن، لەوانە کارگەی نەفتا، رۆن و بابەتی هاوشێوەن، گومان دەکەین ئەم ساڵیش هەر یەکێک لەو کارگانە بێت، بۆ ئەوەش لایەنە پەیوەندارەکانی عەربەت و سلێمانیم ئاگادار کردووەتەوە و لەسەرهێڵێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''