رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، 141322 قوتابی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە 738 قوتابخانە لەژێر سەرپەرشتیی 15943 مامۆستا و فەرمانبەر لە خوێندنی کوردی دەخوێنن.
لە کەرکووک، شنگال، خانەقین، مەخموور و چەند ناوچەیەکی دیکەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دوو بۆ سێ جۆر خوێندن هەن، لەنێویاندا خوێندنی کوردی کە سەر بە پەروەردەکانی هەرێمی کوردستانە و هەموو شایستە و پڕۆگرامەکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزیکەی 100 هەزار قوتابی لە کەرکووک لە 550 قوتابخانەدا خوێندنی کوردی دەخوێنن.
لە سنووری کەرکووک، نزیکەی 9 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر سەرپەرشتی خوێندنی کوردی دەکەن.
لە کەرکووک جگە لە خوێندنی عەرەبی و کوردی، خوێندنی تورکمانیش هەیە. ژمارەی قوتابخانە عەرەبییەکان زۆرترینە.
لە شنگالیش خوێندنی کوردی و عەرەبی هەیە. مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەی پەروەردەی شنگال کە سەر بە پەروەردەی پارێزگای دهۆکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزیکەی 28 هەزار قوتابی خوێندنی کوردی لە شنگال دەخوێنن.
مەیسەر حەجی گوتیشی، پەروەردەکەیان سەرپەرشتی 70 قوتابخانەی کوردی دەکات کە بەشێکیان لە کەمپەکاندان.
لە شنگال 1650 مامۆستا و فەرمانبەری میلاک و 1,130 مامۆستای وانەبێژ پرۆسەی خوێندنی کوردی بەڕێوەدەبەن.
بەگوێرەی نوێترین داتای خوێندنی کوردی کە پەروەردەی مەخموور ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی داوە، لەو سنوورەدا 8 هەزار و 322 قوتابی خوێندنی کوردی دەخوێنن.
لە سنووری مەخموور، 86 قوتابخانەی کوردی هەیە و 863 مامۆستا وانەی تێدا دەڵێنەوە.
لە خانەقینیش هاوشێوەی ناوچە دابڕاوەکانی دیکە خوێندنی کوردی هەیە. بە گوتەی حەسەن محەممەد تاڵەبانی، بەڕێوەبەری بەشی کوردیی پەروەردەی خانەقین بۆ رووداو، لە بەشی کوردیدا نزیکەی 5 هەزار قوتابی لە 32 قوتابخانەدا دەخوێنن و 3 هەزار و 300 مامۆستا و فەرمانبەریان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ