ئەنجوومەنی ئاسایش: تۆمەتبارێکمان دەستگیرکردووە کە لە بەغدا دایک و دوو خوشکی خۆی کوشتووە

11-11-2022
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی هەڵاتوو رادەگەیێنێت کە لە بەغدا دایک و دوو خوشکی خۆی کوشتووە. 
 
رۆژی 10ـی تشرینى دووەمى 2022، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "لە شاری هەولێر تۆمەتبارێکی هەڵاتوو بە ناوی عەلی مەجید هاشم محەممەد دەستگیر دەکەن، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی سێ ئەندامی خێزانەکەی لە شاری بەغدا."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، تۆمەتبارەکە لەدایکبووی 1999ـیە و دانیشتووی شاری بەغدا بووە. تۆمەتبارەکە لە 08-11-2022 دایکی بە ناوی زەهرا عەلی حوسێن و دوو خوشکی دیکەی بەناوەکانی دوعا مەجید هاشم محەممەد و بوشرا مەجید هاشم محەممەد کوشتووە.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، تۆمەتبارەکە رۆژی پێنجشەممە دەستگیرکراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
 
هەر ئەمڕۆ شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە هێزەکانى ئاسایشی هەرێمى کوردستان ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیر کردووە. تۆمەتبارەکە لە ناوچەى کازمییەى باکوورى بەغدا تاوانەکەی ئەنجامدابوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە