رووداو دیجیتاڵ
ئاگرەکەی تاڵاوی گەرووسی مهاباد دوای پێنج کاژێر لە لایەن تیمەکانی ئاگرکوژینەوەوە کۆنترۆڵ کرا. فەرمانگەی ژینگەی مهابادیش دەڵێت، بەهۆی ئاگرەکەوە 156 هێکتار قامیشەلانی ناوچەکە سووتاوە.
دوانیوەڕۆی پێنجشەممە ئاگرێکی گەورە لە تاڵاوی گەرووسی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە و دوای چەندین کاژێر ئێوارەی هەمان رۆژ لە لایەن تیمەکانی ئاگرکوژینەوەوە کۆنترۆڵ کرا. تیمەکانی ئاگرکوژینەوەی شارەکانی مهاباد و نەغەدە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بەشدار بوون.
فارووق سلێمانی، بەڕێوەبەری ژینگەی مهاباد بە میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، ئاگرەکە کاژێر 14:00ی دوانیوەڕۆ لە تاڵاوەکە کەوتەوە و بە هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژینەوە دوای پێنج کاژێر کۆنترۆڵ کرا.
فارووق سلێمانی گوتی، بەهۆی ئاگرەکەوە 156 هێکتار قامیشەلانی ناوچەکە سووتاوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانیان زیان بە باڵندەکانی تاڵاوەکە نەگەیشتووە. گوتیشی، بەهۆی چڕیی قامیشەلان و پووش و پاوانی تاڵاوەکە، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی دەکرد و ئەوەش کوژاندنەوەی ئاگرەکەی زەحمەتتر کردبوو.
بەڕێوەبەری ژینگەی مهاباد ئەوەشی خستەڕوو، لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە تاڵاوی گەرووس دەستیپێکردووە.
جگە لە تاڵاوی گەرووس، کە رووبەرەکەی زیاتر لە پێنج هەزار هێکتارە، لە مهاباد پێنج تاڵاوی دیکە هەن، ئەوانیش تاڵاوی کانی بەرازان، قووپی باباعەلی، حەسەن خان، داشخانە و قەرەقشلاق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ