رووداو دیجیتاڵ
لێدوانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو بە کوردی، کاردانەوەیەکی بەهێزی لە میدیاکانی ئێراندا لێکەوتەوە، زۆربەی ماڵپەڕ و ئاژانسەکانی هەواڵ دەقی لێدوانەکەی پزیشکیانیان بە ئاماژەدان بە ناوی رووداو، بە فارسی بڵاوکردووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-09-2024، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو بە فارسی پرسیارێکی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کرد کە بە سەردانێکی فەرمی لە بەغدایە، پزیشکیان بە کوردییەکی پاراو وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە کە هەر زوو بابەتەکە میدیا و ماڵپەڕە هەواڵدەرییەکانی ئێرانی تەنی.
ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێرانی (ئیسنا) بەوشێوەیە باسی لێدوانەکەی پزیشکیان دەکات، ''سەرۆککۆماری وڵاتەکەمان لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کەناڵی رووداو بەزمانی کوردی رایگەیاند، پەیوەندیی ئێران و هەرێمی کوردستان باشە و باشتری دەکەین، ئینشائەڵڵا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەین و لەوێ گفتوگۆمان دەبێت، بەرنامەی ئێمە سەردانیکردنی هەرێمی کوردستانیش لەخۆدەگرێت".
هاوکات ماڵپەڕی ''دکتۆر پزیشکیان'' کە تایبەتە بە کار و چالاکییەکانی مەسعود پزیشکیان، ڤیدیۆی لێدوانە کوردییەکەی سەرۆککۆماری ئێرانی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوێتی، ''مەسعود پزیشکیان لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کەناڵی جیهانیی رووداو، بە زمانی کوردی گوتی، سڵاو لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، لە خزمەتیانداین و بەرنامەمان هەیە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشە و باشتری دەکەین".
یەکێک لە میدیاکانی ئێرانی کە سەرنجی خستووەتە سەر پەیامە کوردییەکەی پزیشکیان، ئاژانسی ئەلعالەمە و هەواڵێکی بەو ناونیشانە بڵاوکردووەتەوە، ''پزیشکیان بۆ پەیامنێری رووداو: سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەین و گفتوگۆمان لەگەڵیان دەبێت".
ماڵپەڕی ''هەمشەهری'' لەوبارەوە دەڵێت، ''پزیشکیان بە زمانی کوردی وەڵامی پەیامنێرانی هەرێمی کوردستانی دایەوە، هەڵوێستی پەیامنێرەکە سەرنجڕاکێش بوو و گوتی، زۆر خۆشحاڵم بەو زمانە قسەت کرد".
هەروەها رۆژنامەی ''مەشرق'' لە ماڵپەڕی خۆی ڤیدیۆی لێدوانەکەی سەرۆککۆماری ئێرانی بە مانشێتی ''کوردی قسەکردنی پزیشکیان لەگەڵ پەیامنێری رووداو'' بڵاوکردووەتەوە.
هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا لەبارەی ئەوەی کە بۆچی بە فارسی پرسیاری لە پزیشکیان کردووە، لە بووڵتەنی کاژێر 20:00ـدا بە شاهۆ ئەمینی گوت: ''دەمزانی پزیشکیان کوردییەکی باش قسە دەکات، بەڵام ئەو ئێستا سەرۆککۆماری ئێرانە و زمانی فەرمیی وڵاتەکەش فارسییە، بۆیە پرسیارەکەم بە زمانی فارسی ئامادە کرد و ئەویش بە کوردییەکی پاراو و جوان وەڵامی دامەوە".
هەڵکەوت عەزیز ئاماژەی بەوەشکرد، ''لە کۆتاییدا پێمگوت کە زۆرم پێخۆش بوو بە کوردی وەڵامت دامەوە، کاتێک کە سواری ئۆتۆمبێلەکەی بوو، دووبارە پێیگوتم، سڵاوی من بگەیێنە کوردستان".
ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران ڤیدیۆی لێدوانەکەی بە ژێرنووسی فارسی بڵاوکردووەتەوە، هەروەها ئاژانسی نیمچە فەرمیی مێهر و زۆر لە میدیا و ماڵپەڕەکانی دیکەی ئێرانیش هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە و سەرجەمیان باسیان لە تۆڕی میدیایی رووداو کردووە.
بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 8:30، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و بڕیارە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سێ رۆژ بخایێنێت.
چاوەڕێ دەکرێت، پزیشکیان سەرلەبەیانی سبەی پێنجشەممە سەردانی هەولێر بکات.
عێراق یەکەمین وڵاتە کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە 30ی تەممووزی ئەمساڵ سەردانی دەکات، سەردانەکەشی دوای بانگهێشتێکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ