رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی دەڵێت، ئومێدەوارە هەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ رۆحیەتی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و راپەڕینی ساڵی 1991. گوتیشی: "ئێمە پێکەوە دەتوانین زۆر دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنین".
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-09-2024، سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی 63یەمين ساڵيادى شۆڕشى ئهيلوولدا کە لە چیای سەفین بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''11ـی ئەیلوول رۆژێکی پیرۆزە، شۆڕشی ئەیلوول بە هەموو مانای وشە شۆڕش بوو؛ شۆڕشێکی چەکداری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، شۆڕشێک بوو دۆزی گەلی کوردستانی بە هەموو دنیا گەیاند".
سەرۆک بارزانی گوتی: ''شۆڕشی ئەیلوول دەرگەیەکی فراوانی بۆ گەلی کوردستان کردەوە و بەرهەمیشی هەبوو. ئومێدەوارم کە هەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ رۆحیەتی شۆڕشی ئەیلوول و راپەڕینی ساڵی 1991.''
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، ''ئێمە پێکەوە دەتوانین زۆر دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنین. دەبێ سوپاسی خودای گەورە بکەین، لە بناری سەفینی سەرکەش و بە ئامادەبوونی ئازیزان، یادی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە، کە ئەمە نیعمەتێکی گەورەیە.''
سەرۆک مەسعود بارزانی باسی چیای سەفین کرد و شیعری هەژاری شاعیری بە نموونە هێنایەوە کە ساڵی 1965 بۆ گەورەیی چیای سەفین نووسیوێتی و گوتی، ''سەفین ئاڵایەکی بەرزە لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستان، شاعیری گەورەی کورد، هەژار زۆر جوان سەفینی ناساندووە کە دەڵێت، من چەقیوم، من سەفینم.''
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، ساڵی 1965 دوو لیوای سەربازیی سوپای عێراق بە سەرکردایەتیی زەعیم روکن عیسا شاوی هەوڵی داگیرکردنی چیای سەفینیان داوە و دوای 23 رۆژ شەڕی بەردەوام گەیشتوونەتە کەپکی کایسە. رۆژی دواتر عەبدولسەلام عارف، سەرۆککۆماری ئەو کاتی عێراق سەردانی ناوچەکەی کردووە.
لە سەردانەکەی عەبدولسەلام عارفدا عیسا شاوی گوتارێکی پێشکێش کردووە و گوتوویەتی: ''ئێمە دەمێک بوو دەمانویست دیارییەکی بە نرخ پێشکەشی ئێوە [عەبدولسەلام عارف] بکەین، هیچ دیارییەک لە چیای سەفین بەنرختر نییە، ئێستاش سەفین بە پاککراوی دیاری بێت بۆ ئێوە.''
وەک سەرۆک بارزانی دەڵێت: ''هەژاری شاعیر لە وەڵامی قسەکانی شاویدا شیعرێکی نووسیووە بەوە دەستپێدەکات، کێوی سەفین بە دیاری نابێت شاوی، دەمت دەشکێنی گەر بەدەم بجاوی.''
سەرۆک بارزانی هیوای خواست، 'کوردستان هەر بەرەو سەرکەوتن و بەرەو دەستکەوتی گەورەتر بچێت' و گوتی: "مادام ئیرادە هەبێت، هەموو شتێک دەبێت، کە ئیرادە نەما هیچ شتێک نامێنێت.'' گوتیشی، ''ئێمە ئەو ئیرادەیەمان لە شۆڕشی ئەیلوول وەرگرتووە و تا بمێنین ئەو ئیرادەیەش هەر دەمێنێت، تاوەکو ئەو پێشمەرگە ئازیزانەش بمێنن، کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە و رۆژبەڕۆژیش بەرەو پێشەوە دەچێت.''
لە 11ی ئهیلوولی 1961 سوپای عێراق بۆردوومانی دهربهندی بازیان، دۆڵی خهلهكان و سنووری دهۆكی کرد، له بهرامبهردا له 19ی ئهیلوولی 1961 مهكتهبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە فەرمی بڕیاری دا بەرەنگاری سوپای عێراق ببنەوە و، بەو هۆیەوە شۆڕشی ئهیلوول به سهرۆكایهتیی مستهفا بارزانی دژی حكومهتی كۆماری عێراق لە مانگی ئەیلوولی 1961 له باشووری كوردستان ههڵگیرسا و تاوەکو ساڵی 1975 و رێككهوتننامهی جهزائیر، بهردهوامبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ