پارێزگاری سنە: هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان - سنە ئەم پاییزە دەکرێتەوە

11-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری سنە دەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان - سنە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر 96%ی تەواو بووە و بڕیارە لە مانگی یەکەمی پاییزی ئەمساڵدا بە ئامادەبوونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە فەرمی بکرێتەوە. جێگری پارێزگاری سنەش بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، پلانیان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا ئەو هێڵە ئاسنینە بە سنووری باشماخ بگەیێنن.
 
ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی یەکشەممە 10ی ئەیلوولی 2023 پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی هەمەدان - سنەی بەسەرکردەوە و رایگەیاند، "ئەم پڕۆژە گەورەیە تاوەکو سەرەتای کابینەی ئێستای حکومەت 65%ی جێبەجێ کرابوو، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک هۆکار کارکردن وەستا. دوای سەردانی ساڵی رابردووی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بۆ پارێزگای سنە، بڕیاردرا کارکردن لەسەر پڕۆژەکە بە خێرایی دەستپێبکاتەوە و پارەش بۆ جێبەجێکردنی تەرخانکرا."
 
ئیسماعیل زارعی کووشا گوتی، سەرۆککۆماری ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ سنە بڕیاریدا 1300 ملیار تمەن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان - سنە تەرخان بکرێت، کە لەو بڕە تائێستا 1104 ملیار تمەنی خەرجکراوە و ئەوەش وایکردووە 96%ی پڕۆژەکە تەواو بکرێت.
 
پارێزگاری سنە ئاماژەی بەوەش کرد، کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و بڕیارە تاوەکو مانگی داهاتوو تەواو بکرێت و لە سەردانی سەرۆککۆماری ئێراندا بە فەرمی بکرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، "لە قۆناخی یەکەمدا ئەم پڕۆژەیە لە توانایدایە ساڵانە 300 هەزار کەس و 600 هەزار تۆن شتومەک بگوازێتەوە؛ لە قۆناخی کۆتاییدا لە توانایدایە ساڵانە 600 هەزار کەس و سێ ملیۆن تۆن کەلوپەل بگوازێتەوە."
 
هاوکات کیۆمەرس حەبیبی، جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، پلانیان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا ئەو هێڵە بگەیێننە باشماخ لە سنووری هەرێمی کوردستان.
 
درێژیی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان - سنە 151 کیلۆمەترە.
 
بە تەواوکردنی پڕۆژەکە، پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هێڵی شەمەندەفەری سەرانسەری ئێرانەوە دەبەسترێتەوە.
 
پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان - سنە بەشێکە لە پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری تاران - هەمەدان - سنە کە درێژییەکەی 420 کیلۆمەترە و بەشی تاران - هەمەدانی پڕۆژەکە کە لە 270 کیلۆمەتر پێکدێت، تەواو بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە