رووداو دیجیتاڵ
میری کوردانی ئێزدی لە عێراق و جیهان ستایشی هەموو لایەک دەکات لە هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی ئەو دۆخەی چەند رۆژێکە هەیە و داوا دەکات، بە یاسایەک پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و هەر کەس سووکایەتی کرد، لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت.
ئەمڕۆ (یەکشەممە 11ـی ئابی 2024) میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە عێراق و جیهان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە رۆڵیان گێڕا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەتایبەت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان."
میری کوردانی ئێزدی دەڵێت، "ئێمە و موسڵمانانی کوردستان مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە، باب و باپیرانمان پێکەوە ژیاون و نابێت بە قسەی هیچ کەسێک ئەو پەیوەندییە مێژووییە هاوبەشە تێکبچێت."
میر حازم تەحسین بەگ داوا دەکات یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان پەسند بکرێت و بەو یاسایە پێکەوەژیان بپارێزرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "دەبێت یاسایەک هەبێت لە هەر پێکهاتە و ئایینێک کەسێک هەڵەیەکی کرد یان سووکایەتیی کرد، سزای بدرێت."
چەند رۆژێک لەمەوبەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کە تێیدا قاسم شەشۆ، فەرماندەی کوردی ئێزدی هێزی پێشمەرگە لە شنگال قسە دەکات و ئەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
میر حازم تەحسین گوتی، "هەر رەفتارێکی کەسی لەسەر پەیڕەوانی ئایینێک و خەڵک هەژمار ناکرێ. پێویستە هۆشیارتر بین بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەوانەی دەیانەوێ کێشەبنێنەوە، وێرانەییان دەوێ و دووژمنی ئەم وڵاتەن."
میری کوردانی ئێزدی دەڵێت،"سوورین لەسەر بەهێزکردنی خۆشەویستی، گیانی برایەتی و پردی ئاشتی لەگەڵ هەمووان و کارکردن بە گیانی بەرپرسیارێتی؛ هەروەها بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو گوتارێکی رق و کینە و پەرش و بڵاوکردنەوەی پێکەوەیی کۆمەڵگەیی و هەڕەشەکردن لە ئاسایش و ئاشتی نێوخۆیی."
میر حازم تەحسین دەڵێت، "دەستمان بۆ هەمووان درێژە، بۆ کاراکردنی خێر و ئاشتی و کارکردن بۆ بەهێزکردنی برایەتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ