بەرپرسێکی پێنتاگۆن بۆ رووداو: هێزێکی بێلایەنی پێشمەرگەمان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا دەوێت

11-08-2023
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دەیانەوێت هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، هاوئاهەنگی لە نێوانیان زیاد بکەن. دەشڵێت، ئەمریکا دەیەوێت "هێزێکی یەکگرتووی ناسیاسیی پێشمەرگە لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەبێت."
 
ئەمڕۆ هەینی، 11-08-2023، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەبارەی گفتوگۆ ئەمنییەکانی نێوان عێراق و ئەو وڵاتە کە لەم هەفتەیەدا لە واشنتن بەڕێوەچوون، لەبارەی ئەوەی کە چۆن باس لە هێزەکانی پێشمەرگە لەو گفتوگۆیانەدا کراون بە رووداوی راگەیاند، "هێزەکانی پێشمەرگە، پێکهاتەیەکی گرنگی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقن و دەستووری عێراق دانی پێداناون، بۆیەش دەمانەوێت هەردوولا، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هاوئاهەنگییەکانی نێوانیان زیاتربکەن و هەروەها هێزەکانی پێشمەرگە پێویستی و هاوکاریی گونجاویان بۆ دابین بکرێت تاوەکو ئەرکەکانی خۆیان بەجێبهێنن."
 
لەبارەی نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، "ئێمە دەمانەوێت هێزێکی یەکگرتووی ناسیاسیی پێشمەرگە لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەبێت، دەشمانەوێت ئەو فیرقانەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، پێویستی و هاوکاریی دارایی گونجاویان بۆ دابین بکرێت، هاوکات بەهێزبکرێت تاوەکو کارەکانی خۆیان بکەن."
 
بەرپرسە باڵاکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە زۆر بە روونی ئەو داواکارییانەیان بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گوتووە. دەشڵێت، "هێزەکانی پێشمەرگە هاوبەشێکی گرنگ بوونە لە شەڕی داعش و ئامانجی تێکشکاندنی یەکجاری داعش، بۆیەش دەمانەوێت لە مەشق و راهێنانپێکردنی و زیاتر بە پیشەییکردنی پێشمەرگە بەردەوامبین، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمریکا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ فیرقە ناسییەیە رێکخراوەکانی [هێزەکانی پێشمەرگە] و ئەمەش زۆر روونی بە بەرپرسە سیاسییەکان گوتراوە."
 
لەبارەی هاوکارییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانیش، بەرپرسە باڵاکە گوتی، "هێشتا وادەیەکی کۆتاییمان بۆ پێدانی هاوکاریی دارایی بە هێزەکانی پێشمەرگە نییە، بەڵام زۆر راشکاوبووینە لەوەی کە دەمانەوێت پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خێرابکرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە