رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێکی کەرکووک دەڵێت لە کاتێکدا رێژەی کورد لە کەرکووک سەرووی 65%ی دانیشتووانی شارەکەیە، بەڵام پارێزگاری بە وەکالەت لە دامەزراندنی ئەو 1000 کەسەی بە گرێبەست و بەپێی یاسای ئاسایشی خۆراک دادەمەزرێندرێن، رێژەی کورد دەکات بە 32%. ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش رایگەیاند، رێگەنادەن دامەزراندن بە یەکسانی بێت بۆ پێکهاتەکان، بەڵکو دەبێت بەپێی رێژەی نەتەوە و پێکهاتەکان بێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگاری کەرکووک لەبارەی دامەزراندنی ئەو 1000 کەسەی دەبێت بەپێی یاسای ئاسایشی خۆراک دابمەزرێندرێن، کورد و تورکمان و عەرەب لە سەنتەری کەرکووک بە رێژەی 32% دادەمەزرێندرێن، لە کاتێکدا لە قەزا و شارۆچکەکانی کەرکووک بەپێی رێژەی دانیشتووان دەبێت.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لەو 1000 کەسەی بڕیارە لە کەرکووک دابمەزرێندرێن، لەنێوان 450 بۆ 500 کەسیان لە پێکهاتەی عەرەب و 200 بۆ 250 کەسیان لە پێکهاتەی کوردە و تورکمانەکانیش 150 بۆ 200 کەس دەبێت، لەگەڵ رێژەیەکی کەم بۆ کریستیانەکان کە 50 کەس دەبێت.
پارێزەر هەژار کاکەیی لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی دامەزراندنی 1000 کەس بۆ پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "لە کاتێکدا رێژەی کورد لە پارێزگای کەرکووک 65% دەبێت، بەڵام رێنوێنییەکانی راکان جبووری بۆ دامەزراندن ستەم لە کورد دەکات و ژمارەیەکی کەمتری لە مافی خۆی پێدەدرێت بۆ دامەزراندن."
ئەو پارێزەرە، کە رێنوێنییەکان بە "تەعریبێکی دیکە" دەزانێت و پێیوایە پێکهاتەی تورکمانیش لەدوای کورد زەرەرمەندی دووەمن لەو بڕیارەی راکان جبووری، دەڵێت، "لە خاڵی 11 ئاماژە بەوە دەکات دامەزراندنەکە بە شێوەی گرێبەست لەسەر ئاستی یەکە ئیدارییەکان دەبێت و پێشبڕکێ تەنیا لەسەر ئەو یەکە ئیدارییە دەبێت، بەمەش حەویجە تەنیا بۆ پێکهاتەی عەرەب دەبێت، لە خاڵی 13دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دامەزراندنەکە لەسەر رێژەی ژمارەی دانیشتووانی یەکە کارگێڕییەکان دەبێت، بەو پێیە قەزای حەویجە پشکی شێری ئەو دامەزراندنەی بەردەکەوێت، ئەمەش جگە لەوەی پێکهاتەی عەرەب لە هەردوو قەزای داقوق و دووبز بەپێی رێژەی ژمارەی دانیشتووانیان پشکیان بەردەکەوێت لەو دامەزراندنە، بەپێی ئەو دوو خاڵەی سەرەوە بێت پێکهاتەی عەرەب لە هەرسێ قەزای (حەویجە، داقووق و دوبز) نزیکەی دوو لەسەر سێی رێژەی دامەزراندنەکە مسۆگەر دەکات و کورد و تورکمان تێیدا زەرەرمەند دەبن."
سەبارەت بە دامەزراندن لەنێو سەنتەری شاری کەرکووکیش دەڵێت، "لە خاڵی 13دا بۆ قەزای ناوەندیی کەرکووک، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دابەشکاریی دامەزراندنەکە بە یەکسانی لەنێوان پێکهاتەکانی (کورد، عەرەب، تورکمان) دەبێت، ئەوەش زوڵمێکی گەورەیە لە کورد، چونکە لە قەزای ناوەندیی کەرکووک کورد رێژەی نزیکەی 65%ی دانیشتووان پێکدەهێنێت و دوای ئەویش تورکمان، ئینجا عەرەب دێت کە رێژەیان لە هەموویان کەمترە، بەڵام فێڵێکە لە کوردی کەرکووک کراوە، پاشان بەپێی یاسا و دەستوور شتێک نییە ناوی دابەشکاری بێت بە رێژەی 32%، ئەوە تەنیا قسەیەکی جەلال تاڵەبانی بووە و بەس، قسەی هیچ کەسێکیش سەنەدی یاسایی نییە."
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەیان پۆست لە کورد وەرگیراونەتەوە و کورد لە پۆستە کارگێڕییەکاندا ئێستا تەواو کشاوەتەوە بۆ دواوە، لە بەرامبەردا رێژەی عەرەب لە پۆستەکاندا زیاد بوون.
رۆژی 08-06-2022 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی 273 ئەندامی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و دەنگی بە پێشنیازەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان دا.
بەپێی یاساکە 1000 کەس لە هەر پارێزگایەکی عێراق بە گرێبەست بۆ ماوەی سێ ساڵ دادەمەزرێندرێن، کە ئەمە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
نەجوا حەمید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو فۆرمەی بۆ دامەزراندنی 1000 کەس لە پارێزگای کەرکووک بڵاوکراوەتەوە بۆ سێ ساڵ دەبێت، بەڵام ئێمە وەکو پەرلەمانتارانی کەرکووک رێگە نادەین بە یەکسانی ئەو 1000 کەسە لەنێوان پێکهاتەکان دابمەزرێن، چونکە دەبێت رەچاوی ژمارەی دانیشتووانی پێکهاتەکان بکرێت کە کورد یەکەمە و دەبێت ژمارەیەکی زۆری لەو دامەزراندنە بەربکەوێت."
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی، "ئێمە بەنیازین بەمنزیکانە لەوبارەیەوە سەردانی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت و یەکە کارگێڕییەکان بکەین و خشتەی خۆمانیان پێبدەین کە دەبێت چۆن ئەو 1000 کەسە دابەشبکرێن، ئەگەر سوودی نەبوو، ئامادەین هەموو رێوشوێنێکی یاسایی بگرینەبەر لەوانەش سکاڵا تۆمارکردن."
پارێزەر هەژار کاکەیی لە درێژەی نووسینەکەیدا روونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت، "کەرکووک لە چوار قەزا پێکهاتووە (قەزای ناوەندی کەرکووک، قەزای داقووق، قەزای دوبز و قەزای حەویجە) و بەم شێوەیە:
یەکەم: قەزای ناوەندی کەرکووک پێکدێت لە (ناو شاری کەرکووک، شارۆچکەی شوان، شارۆچکەی قەرەهەنجیر، شارۆچکەی لەیلان و شارۆچکەی تازە).
لەم بەشەی کەرکووک کورد رێژەیەکی زۆری دانیشتووان پێکدەهێنێت و نزیکەی لە 60%ی دانیشتووانی ئەو ناوچانە کوردن، دواتر تورکمان دێت، دوای ئەویش عەرەب، واتە عەرەب لە سنووری ئەو قەزایە کەمینەیە.
دووەم: قەزای داقووق، لەم قەزایە کورد زۆرینەیە و دواتر تورکمان و عەرەب دێت.
سێیەم: قەزای دوبز، لەم قەزایە کورد زۆرینەیە و پاشان تورکمان و دواتر عەرەب دێت.
چوارەم: قەزای حەویجە، ئەم قەزایە گەورەترین قەزای کەرکووکە و دەتوانرێت بگوترێت لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە هێندەی هەردوو قەزای داقووق و دوبز دەبێت و زیاتریشە، تەواوی دانیشتووانی ئەو قەزایە پێکهاتەی عەرەبە، ئەم قەزایە پێکدێت لە ناحیەکانی (ناوەندی حەویجە، شارۆچکەی ریاز، شارۆچکەی عەباسی و شارۆچکەی زاب).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ