نانى هه‌ورامى خواستێکی زۆری لەسەرە

12-08-2017
رێبین یارئەحمەد
لە هەڵەبجە 39 كارگه‌ و دووكان هه‌ن، 138 ژن كاریان تێدا ده‌كه‌ن
لە هەڵەبجە 39 كارگه‌ و دووكان هه‌ن، 138 ژن كاریان تێدا ده‌كه‌ن
نیشانەکردن نان
A+ A-

رووداو - هەڵەبجە

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ نانى هه‌ورامى نێوبانگێكى تايبه‌تى هه‌يه‌. هه‌وراميیه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئێستا نانه‌كه‌يان ده‌نێرن بۆ شار و شارۆچكه‌كانى ديكه‌ى باشوورى كوردستان و ده‌يانه‌وێت ئەو جۆرە نانە بكه‌نه‌ براندێكى به‌نێوبانگ.

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ ده‌بێت دووكان و كارگه‌ى دروستكردنى نانى هه‌ورامى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌ته‌وه، ئێستا 39 كارگه‌ و دووكان هه‌ن و 138 ژن كاریان تێدا ده‌كه‌ن.

عه‌دنان قوربان، خاوه‌نى كارگه‌ى نانى هه‌ورامى دەڵێت "كڕيارى نان زۆره‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ى شار دێن بۆ سه‌يرانگاكانى ئێره بۆ هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هيد، نانێكى زۆر ده‌كڕن. ئێمە به‌کۆ بۆ سلێمانى، هه‌ولێر و كه‌لاری ده‌نێرين‌".

نانى هه‌ورامى، نانێكى ته‌نك و ناسكه‌، هه‌ورامیيه‌كان له‌ دروستكردنيدا سۆده‌ و خومره‌ و هه‌ندێك بابه‌تى ديكه‌ هه‌يه‌ كه‌ ئازاری گه‌ده‌ ده‌ده‌ن، به‌كارناهێنن. خواردنى ئاسانه‌ و ئاسانيش هه‌رس ده‌كرێت.

ئێستا چه‌ند كارگه‌يه‌كى دروستكردنى نانی هەورامی‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ن، كڕيارى باشيان له‌ شار و شارۆچكه‌كانى باشوورى كوردستان هه‌يه‌.

ژيان ئيبراهيم 30 ساڵ ده‌بێت خه‌ريكى دروستكردنى نانى هه‌وراميیه‌. به‌ ده‌ست و بازووه‌ به‌هێزه‌كه‌ى به چه‌ند قۆناخێك هێنده‌ نانەکە ته‌نك ده‌كات، هه‌ر كه‌ درا به‌سه‌ر ساجه‌كه‌دا خێرا دەبرژێت.

ژيان دەڵێت، بۆ  هه‌ويره‌كه‌ ته‌نیا ئاو، ئارد و خوێ به‌كارده‌هێنن. "هه‌ويره‌كه‌ ده‌شێلین و ده‌يكه‌ن به‌ گونك و ده‌ستده‌كه‌ين به‌ نان كردن. دروستکردنی ئاسانتره‌ له‌ نانى تيرى".

نانى هه‌ورامى جۆرى نانى گه‌نم و نانى جۆشى هه‌يه‌. هه‌ر گونكێكى 120 گرامە. هەشت نانى ده‌درێت به‌ هه‌زار دينار. له‌ هه‌ندێك شوێنيش 10 نانى به‌ هه‌زار ديناره. كڕيارى باشى هه‌يه‌ و نانى زۆر ده‌كڕن، ئه‌گه‌ر نانه‌كه‌ زۆريش بمێنێته‌وه، دره‌نگ خراپ ده‌بێت و تامى ناگۆڕێت.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە