رووداو دیجیتاڵ
چوار رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی خائیز لە سنووری پارێزگاکانی خوزستان و کوهگیلۆیە و بویرئەحمەدی ئێران، کە بەشێکن لە دارستانەکانی زاگرۆس، کەوتووەتەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی ئەو دوو پارێزگایە، تائێستا 450 هێکتار دارستان سووتاوە.
ئاگرەکە لە 8ی تەممووزی 2024 کەوتووەتەوە و تائێستا هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بێ ئەنجام بوون.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئاگرەکە سەرەتا لە دارستانەکانی سنووری شاری بێهبەهانی سەر بە پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئێران کەوتووەتەوە، دواتر بەرەو دارستانەکانی خائیز لە پارێزگای کوهگیلۆیە و بویرئەحمەد تەشەنەی کردووە.
حەمزە موحەقیقزادە، قایمقامی شاری کوهگیلۆیەی سەر بە پارێزگای کوهگیلۆیە و بویرئەحمەد رایگەیاند، ئاگر لە ناوچەکانی تونگ شێخ و تونگ عەلەمدار زیاتر تەشەنەی کردووە، داوای هاوکاری زیاتری خەڵک و تیمەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوەی کرد.
بە گوتەی قایمقامی شاری کوهگیلۆیە، بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە تیمەکانی ئاگرکوژینەوە، پاراستنی ژینگە، کۆمیتەی قەیران و مانگی سوور لە ناوچەکەن. هەروەها دوو هێلیکۆپتەری ئاوپڕژێن گەیشتوونەتە ناوچەکە.
عەلیڕەزا نیکروز، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کوهگیلۆیە و بویرئەحمەد دەڵێت، 90 کەس بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ناوچەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، وەلیوڵڵا مووسەوی، قایمقامی شاری بێهبەهانی سەر بە پارێزگای خوزستان رایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی خائیز، تائێستا 450 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاون.
ئەحمەد عەلیزادە، پارێزگاری کۆهگیلۆیە و بویرئەحمەدیش رایگەیاند، بەهۆی سەختی ناوچەکە و هەڵکردنی با و رووبەڕێکی زۆری پووش و پاوان سووتاون و کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە زۆر زەحمەتە.
رووبەری دارستانەکانی خائیز 32 هەزار و 332 هێکتارە و بەشێکە لە دارستانەکانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و دەکەوێتە سنووری پارێزگاکانی کوهگیلۆیە و بویرئەحمەد و خوزستانی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ