ترسی یەکێتی لە 'رێککەوتنی ژێربەژێر' کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی دواخستووە

11-07-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
تاوەکو ئیستا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەستیپێنەکردووە، پەیامنێری رووداو دەڵێت، یەکێتی ترسی لە رێککەوتنی ژێربەژێری لایەنەکان لە دژی خۆی هەیە.
 
بڕیار بوو کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی تەممووز، لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بکات، بەڵام سەرەڕای ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، هێشتا کۆبوونەوەکە نەکراوە.
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نێو باڵاخەنەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند: ''راکان جبووری، وەکو بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن، 53 چرکە لەسەر کورسیی سەرۆکایەتی دانیشت و چاوەڕێی ئەوەی کرد کۆبوونەوەکە دەستپێبکات، بەڵام دواتر چووە سەرەوە بۆ لای فراکسیۆنی یەکێتی.''
 
ترسێک لای فراکسیۆنی یەکێتی دروستبووە کە پێیانوایە جۆرە یارییەکی سیاسی لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەندا هەیە، ئەمەش هۆکاری دواکەوتنی کۆبوونەوەکەیە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە جیا کۆبوونەوە، دواتر ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی گەڕانەوە هۆڵی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن.
 
 
پەیامنێری رووداو گوتی، راکان جبووری و ئەندامانی لایەنە براوەکان، دڵنەوایی بە یەکێتی دەدەن کە لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بڕیارێکی سیاسی نادرێت و رێککەوتن نەکراوە. بەڵام ئەگەر هەر 16 ئەندامی ئەنجوومەنەکە لە کۆبوونەوەدا بەشدار بن، رێژەی یاسایی تەواو دەبێت و بەو پێیەش هەر کەسێک ببێتە بەربژێر بۆ پۆستی پارێزگار و نۆ ئەندامیش دەنگی پێبدەن، ئەوە بابەتەکە یەکلایی دەبێتەوە.
 
یەکێتی ترسی لەوە هەیە کە رێککەوتنێکی ژێربەژێری پارتی، تورکمان و عەرەب هەبووبێت و کۆبوونەوەکە بە زیانی ئەو تەواو بێت.
 
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت: ''دوو بۆچوون هەیە، بۆچوونێک پێیوایە دەبێ کۆبوونەوەکە کراوە بێت و بۆچوونێکی دیکەش دەڵێت دەبێ داخراو بێت.''
 
حەسەن مەجید لەبارەی ترسی یەکێتی لە ئەگەری رێککەوتنی عەرەب، تورکمان و پارتی گوتی: ''ئێمە پێشتر بڕیارمان داوە کە ئەمڕۆ دانیشتنەکە تەنیا بۆ رەواییدان بێت بە ئەنجوومەنی پارێزگا.''
 
 
هاوکات محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لەوبارەوە بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''بابەتی لەم شێوەیە نابێت و ئەگەر بەوشێوەیە بیر بکەنەوە هەڵەن، چونکە بەپێی یاسا پارێزگار هەڵنابژێردرێت تاوەکو هەر سێ پێکهاتەکە لەسەری کۆک نەبن.''
 
ئێستا حەوت ئەندامی ئەنجوومەنەکە لە ژووری کۆبوونەوەدا ئامادەن و هێشتا نۆ ئەندامی دیکە ماون کە پێنجیان لە پشکی یەکێتین و چوار ئەندامیش سەر بە لایەنە عەرەبەکانن، تاوەکو رێژەی یاسایی تەواو نەبێت، کۆبوونەوەکە ناکرێت.
 
بۆ دیاریکردنی پارێزگار، لایەنەکان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، یەکێتی کە پێنج کورسیی ئەنجوومەنەکەی بەدەستهێناوە، داوا دەکات پارێزگار لە پشکی ئەوان بێت، بۆچوونێکی دیکەش لە نێوان پارتی، لایەنە عەرەبەکان و تورکمان هەیە کە پۆستی پارێزگار بە هاوبەشی لە نێوان هەر سێ پێکهاتەکە ساڵ بە ساڵ بەڕێوەبچێت و هەر کامەیان بەربژێری خۆی هەبێت. 
 
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، دوای هاتنە ژوورەوەی دڵشاد پیرۆت کە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ترسی یەکێتی زیاتر بووە، بۆیە تاوەکو ئێستا لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبوونە.
 
زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە براوەکان، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن تاوەکو ئەمڕۆ دواخراوە. 
 
بەگوێرەى یاسا، 5ی شوبات دوا وادە بووە بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر داواى پارێزگار، بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکان لەسەر پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی ئەو کۆبوونەوەیە نەکرا.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کە لە 16 ئەندام پێکهاتووە؛ بۆ کۆبوونەوە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەى سادەیە کە 9 ئەندامە و ئەمڕۆ هەر 16 ئەندامەکە لە بینای ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئامادەبوون بەڵام چارەنووسی کۆبوونەوەکە ناڕوونە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارۆخ داوا دەکات خەڵکی بیانی زیاتر بە ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان ئاشنا بکرێن.

گەنجێکی کورد نزیکەی 40 وڵات گەڕاوە و چاوی لە گەشتی زیاترە

کارۆخ گەنجێکی هەولێرە و نزیکەی 40 وڵات گەڕاوە. لە وڵاتانی ئەورووپاوە بگرە تاوەکو ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەو ئێستا لە پێشانگەی گەشتوگوزارە لە هەولێر و یەک بە یەک لەگەڵ کۆمپانیاکان گفتوگۆ دەکات بۆ ئەوەی شوێنێکی دیک بدۆزێتەوە و گەشتی بۆ بکات.