رێبوار تەها: رێکاری یاسایی بەرامبەر راکان جبووری دەگیرێتەبەر

11-07-2024
پەیمان محەممەد
رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر پارێزگاری پێشووی کەرکووک بەوەکالەت دەگیرێتەبەر کە دوای سوێندخواردنی یاساییش لە پۆستی پارێزگاردا دەوامی کردووە.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 11ـی تەممووز) ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هۆڵی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە ئامادە بوون و بڕیارە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکرێت. ئەمەش دواى ئەوەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە ئەندامانى ئەنجوومەنەکە کرد کۆببنەوە.
 
لە کاتی گەیشتنی بۆ بینای ئەنجوومەنی پارێزگا، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک قسەی بۆ هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند ''کۆبوونەوەیەکی باش دەبێت و دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەین کە ئەگەر بە وشەیەکیش بێت، هۆکار بوون بۆ نزیکبوونەوەی بۆچوونی لایەنە براوەکان.''
 
بەپێی یاسا، دوای یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەندامانی ئەنجوومەن 30 رۆژ کاتیان لە پێشە بۆ ئەوەی پارێزگار هەڵبژێرن. حەسەن مەجید گوتی ''هیوادارم سەرجەم لایەنە براوەکان بە هاوبەشی بتوانین پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن دیاری بکەین.''
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پێیوایە، سەرەڕای ئەوەی هیچ رێککەوتنێک لەنێوان لایەنە براوەکان نەکراوە، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەندامانی ئەنجوومەن، پڕۆسەی دیاریکردنی پارێزگار خێراتر دەکات. 
 
رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتی گەیشتنی بە هۆڵی کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''جەخت لەوە دەکەینەوە؛ دەمانەوێت ئەم دانیشتنە و دانیشتنەکانی داهاتووی ئەنجوومەن ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی حکومەتێکی باش لە کەرکووک پێکبهێنرێت و هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن، بەبێ جیاوازی.''
 
رێبوار تەها گوتی، ''تاوەکو ئێستا بۆ دیاریکردنی پۆستی پارێزگار هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و ئەم دانیشتنەش تەنیا بۆ ئەوەیە رەوایی بدرێتە ئەنجوومەنی پارێزگا کە دەستبەکار بێت.''
 
لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە رۆژنامەنووسان کە 'ئایا ترسیان لەوە نییە لە کۆبوونەوەکەدا جیا لە رەواییدان بە ئەنجوومەنەکە نیازێکی دیکە بخرێتەڕوو؟' گوتی: ''ترسمان لە کەس نییە و ئێمە بەهێزین.''
 
زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە براوەکان، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی تاوەکو ئەمڕۆ دواخرا. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی ''ئێمە، دەمانەوێت حکومەتی داهاتوو، حکومەتی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بێت.''
 
دوای ئەوەی دوێنێ (چوارشەممە) راکان جبووری، پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت وەک ئەندامى ئەنجوومەن لە دادگە سوێندی یاسایی خوارد، بەپێی یاسا دەسەڵاتەکانی پارێزگاری نەماوە، بەڵام رووداو زانیویەتی هەر ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگا نووسراوی واژۆ کردووە. رێبوار تەها دەڵێت: ''لەسەر هەموو ئەو بابەتانەش قسە دەکەین و رێکاری یاسایی دەگرینەبەر.''
 
بەگوێرەى یاسا، 5ـی شوبات دوا وادە بووە بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر داواى پارێزگار، بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکان لەسەر پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی ئەو کۆبوونەوەیە نەکرا.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کە لە 16 ئەندام پێکهاتووە؛ بۆ کۆبوونەوە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەى سادەیە کە 9 ئەندامە و ئەمڕۆ هەر 16 ئەندامەکە لە بینای ئەنجوومەنی پارێزگا ئامادە بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە