رووداو دیجیتاڵ
سێ هاونیشتمانیی دانیشتووی ناوچەی هەوشاری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کران.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە دوو رۆژی رابردوودا، سێ هاونیشتمانیی خەڵکی گوندی قۆزلووی سەر بە سایین قەڵای پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی سالار بەیگی، عەلی شیری و ناسر مورادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون و گواستراونەتەوە شوێنێکی نادیار.
تائێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو سێ هاونیشتمانییە روون نییە و تۆمەتەکانیان دیار نین، هەروەها هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی راگرتنیان و تەندروستییان بەردەست نییە.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاژێر 06:30ی بەیانی زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گوندی قۆزلوویان گەمارۆ داوە و هێرشیان کردووەتەوە سەر ماڵی هاونیشتمانییان و بەبێ بڕیاری دادگە دەستگیریان کردوون.
دەستگیرکردنی ئەو سێ هاونیشتماییە لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 09-05-2024 چوار هاونیشتمانیی خەڵکی گوندی حاجیئاوای جەخەتووی سەر بە سایین قەڵا بە ناوەکانی عوسمان عەباسی، هێمن عەلیزادە، شارام سوڵتانی و رەحمان خوسرەوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
سایین قەڵا دەکەوێتە 198 کیلۆمەتریی ناوەندی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەگەڵ تیکاب، ناوچەی هەوشار پێکدەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ