رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دەربەندیخان هەواڵی دانانی کارگە لە ناوچەی سرووشتی و مێژوویی توونی بابا رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هیچ کارگەیەک دانەنراوە و بابەتەکە بە "هەڵە" وروژێندراوە.
دەنگۆی دانانی کارگە لەپشت "مارکێتی توونی بابا" لە سنووری قەزای دەربەندیخان لەنێو شارەکەدا بڵاوبووەتەوە و دەگوترێت سیمای سرووشتیی ناوچەکە دەشێوێنێت، بەڵام قایمقامی قەزاکە رەتیدەکاتەوە مۆڵەتیان بە هیچ کارگەیەک دابێت لەو سنوورە کار بکات.
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان ئەمڕۆ شەممە 11ی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ بنەمایەکی نییە کارگە دانرابێت؛ ئەو مارکێتە و پشتەوەشی دوورن لە توونی باباوە بە سێ کیلۆمەتر، سنووری ئەو شوێنە سەر بە گوندی دەرەدۆینە و پەیوەندی بە توونی باباوە نییە."
توونی بابا ناوچەیەکی شاخاویی سەخت و ئاڵۆزە و بە توونی بابا عەمرە ناسراوە، چەندین کانی و سەرچاوەی ئاویی تێدایە؛ خەڵکی سنوورەکە زۆر چیرۆکی ئەفسانەیی لەسەر دەگێڕنەوە. دوو نزیکترین گوند لە توونەکە گوندەکانی پونگەڵەی سەر بە دەربەندیخان و پساکانی سەر بە ناحیەی شێخ تەویلە.
سێ کارگەی چەو و لم لە سنووری گوندی دەرەدۆین هەن؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا یەک کارگەیان کار دەکات، وەکو قایمقامیش دەڵێت، هەواڵەکە بە "هەڵە" بڵاوکراوەتەوە و ئەو شوێنەی ئەو کارگانەی تێدایە دوورە لە توونی بابا.
قایمقامی دەربەندیخان گوتی، دوێنێ لیژنەی هاوبەشی بە نوێنەرایەتی نوێنەری پارێزگاری سلێمانی رەوانەی توونی بابا کردووە و جەختیان کردووەتەوە، هیچ کارگەیەک دانەنراوە. گوتیشی: "بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر ئەمڕۆش لیژنەیەکی دیکەم ناردووە".
هەر لەوبارەیەوە، لە راگەیێندراوێکدا قایمقامییەتی دەربەندیخان رایگەیاندووە، لیژنەیەک سەردانی توونی بابایان کردووە، "ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە، کە گوایە کارگە لەو ناوچەی نزیک توونی بابا هەبێت. مۆڵەت پێدان بۆ هەر کارگەیەکیش رەتدەکەینەوە بە مەبەستی شێواندنی جوانیی سرووشتی ناوچەکە".
بەپێی لێکدانەوە زانستییەکان، ئەم توونە نزیکەی ملیۆنێک ساڵ پێش ئێستا، بەهۆی کارلێکە سرووشتییەکانەوە دروستبووە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چواری جیۆلۆجی
دانیشتووانی ناوچەکە دەگێڕنەوە، لە ساڵانی پێشتردا هەر کەسێک چووبێتە نێو ئەو توونە نەگەڕاوەتەوە، چونکە رێگاکانی ئەوەندە زۆر و ئاڵۆزن، رێگەی لێتێکدەچێت و ناتوانێ بگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ