رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو هەفتە لە رێگریی لە دروێنەی گەنمی جووتیارانی پێنج گوند لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کێشەکان چارەسەربوون و ئەمڕۆ جووتیاران دەتوانن دروێنە بکەن.
شەممە، 11ـی ئایار، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیونەکان لەبەغدا گفتوگۆی کردووە و کێشەی رێگری لە دروێنەی گەنمی جووتیارانیان چارەسەر کردووە.
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، چوارشەممەی رابردوو فەرمان بە ئۆپەراسیونەکانی کەرکووک کراوە رێگریی لە دروێنەی گەنم هەڵگرن، بەڵام "بەهەر هۆکارێک بێت ئەو نووسراوە نەگەیشتبووە کەرکووک" بۆیە فەرمانەکە دواکەوتووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە رێگەی بەغداوە نووسراوەکەمان گەیاندە کەرکووک و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک نووسراوەکەیان وەرگرت. لە ئەمڕۆوە دەست بە هەڵگرتنی خێوەتەکان دەکەن و جووتیارەکان دەتوانن دەست بە دورێنەوەی بەرهەمەکانیان بکەن".
دوای هەڵدانی خێوەتی عەرەبە هاوردە دژی کوردانی سنوورەکە، لە 28ـی نیسانی 2024ـەوە بە بڕیاری فەرماندەی یەکەی 8ی سوپای عێراق، سوپا رێگری لە دروێنەکردنی گەنم لە سنووری پێنج گوندی ناحیەی سەرگەڕان کردووە، بەو هۆیەشەوە دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزە.
ئەو گوندانەی دروێنەی گەنمیان تێدا قەدەخە کراوە بریتین لە: پەلکانە، شەناغە، گابەرەکە، سەربەشاخ و خەرابە. محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان بە رووداوی گوت، لە زەویی ئەو گوندانەدا نزیکەی 50 هەزار دۆنمی بە دانەوێڵە چێندراوە.
ئەوانەی خێوەتیان دژی جووتیارانی کورد هەڵداوە، بەشێکیان داوای زەوی دەکەن، بەشێکیشیان داوای خانوو و دەکەن و هەندێکیش داوای قەرەبووی مادەی 140 دەکەن، هەمووشیان عەرەبی هاوردەن.
گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارەدێی سەرگەڕانە. لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، عەرەبی هاوردە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیارانی کورد دەدەن، کوردیش بەردەوام رێگریی کردووە.
سنووری ناحیەی سەرگەڕان زۆرینەی گوندەکانی کوردنشینن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە چەندین جار رووبەڕووی کێشە و ئاستەنگی سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ