رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی گوندی تۆبزاوا، کە گوندەکەیان یەکێکە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، دەبووایە 18 ساڵ لەمەوبەر بەپێی مادەی 140ی دەستوور چارەنووسی یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام دوای ئەو ماوەیە پێشڤەچوونی ئەوتۆ لە جێبەجێکردنی مادەکە بەدی ناکرێت.
لە تازەترین قسەی دا، ئەو سەرۆکوەزیرانەی عێراق کە بە تانک و تۆپ و حەشدی شەعبییەوە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 چووە سەر کەرکووک، دەڵێت، "مادەی 140 لای سەرکردە سیاسییەکانی عێراق، بابەتێکی سەرەکی نییە."
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو گوتی، "ئەوەی لە سیاسییەکان تێگەیشتووم، بەڵێ لە هەرێم[ی کوردستان] پارتە کوردییەکان جێبەجێکردنی مادەی 140یان پێ بابەتێکی سەرەکییە و لە خشتەی بەرنامەی کاریاندایە؛ بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بابەتێکی سەرەکی نییە، ئەمەش کێشەیە، تۆ لەبەردەم ئەجێندایەکی سیاسیدایت بۆ جەماوەرەکەت، بەڵام ئەو ئەجێندایە لای بەرامبەرەکەتدا نییە، ئەمە یەکێکە لە کێشەکان، بەڵام من دەڵێم: دەبێت سیاسییەکان دابنیشن و ئەو بابەتە چارەسەر بکەن."
بەپێی بەرنامەی وەزاریی حکومەتی سوودانی کە رۆژی 27-10-2022 پەرلەمان دەنگی لەسەر دا، بڕە پارەیەک بۆ مادەی 140 تەرخان دەکرێت و لە ماوەی مانگێکدا دوای پێکهێنانی حکومەت، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەکە پێکدەهێندرێتەوە کە لە ساڵی 2014وە پەکخراوە.
بەرنامەی حکومەتەکەی سوودانی بەو شێوەیە کە بڕە پارەیەک بۆ مادەی 140 تەرخان دەکرێت و مانگێک دوای پێکهێنانی حکومەت، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 پێکدەهێندرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، پێکهێنەری حکومەت، بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 28ی تشرینی دووەمی 2022 بڕیاریدا لیژنەی مادەی 140 دروست بکرێتەوە و لە ماوەی 10 رۆژدا کۆببێتەوە، بەڵام تائێستا بە فەرمی لیژنەکە پێکنەهێندراوەتەوە و ناکارایە. لە بودجەی ئەمساڵیشدا 100 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی مادەکە تەرخانکراوە، ئەمەش بڕێکی کەمە.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لە حاڵەتی کاراکردنی لیژنەی مادەی 140ی پەرلەمانین، ئیشەڵڵا. ئەو 100 ملیارە زۆر کەمە، چونکە ئێمە بەتەمای بابەتێکی دیکەین ئەمجارە لە مادەی 140، ئەویش ئەوەیە کە بۆ یەکەمجارە لەنێوان پێکهاتەکان رێککەوتووین لەسەر بابەتی قەرەبوو بۆ ئەوانەی کە گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێتەوە."
بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 18 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ