رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای لوڕستان باران و بەفر ببارێت. بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگاکە هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان و دەڵێت، "لە ناوچەی شاخاوی و نزیک رووبارەکان دوور بکەونەوە."
بەپێی پێشبینیی کەشناسیی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 11-03-2024 شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو کاژێرەکانی کۆتایی شەو بەردەوام دەبێت.
بەهرووز مرادپوور، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی پارێزگای لوڕستان گوتی، "ئەگەری داخرانی رێگەی گوندەکان، کۆبوونەوەی ئاو لە شۆستەکان و داڕمانی بەرزاییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان زۆرە."
بەهرووز مرادپوور هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان کە تەنیا لە کاتی "زۆر پێویست" بە ناوچە شاخاوییەکاندا هاتووچۆ بکرێت و خۆیان لە نزیکبوونەوە لە رووبارەکان بپارێزن. دەشڵێت، "دەبێت شۆفێرەکان لە ئەگەری ناچاربوون بۆ هاتووچۆ لە ناوچە شاخاوییەکان، کەرەستەی تایبەت بە کەشوهەوای سارد و بەفراوییان پێ بێت."
بەپێی هەڵکەوتە جوگرافیاییەکەی، پارێزگای لوڕستان یەکێک لەو ناوچانەیە کە ساڵانە مەترسیی زۆری دروستبوونی لافاوی لەسەرە. رۆژی 29-07-2022 لە شاری ئەلیگودەرزی پارێزگاکە لافاو دروستبوو و کێشە بۆ زیاتر لە 650 خێزان دروستبوو کە بەشێوەی کاتی شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابینکرا. لافاوەکە نزیکەی 49 ملیۆن دۆلار زیانی بە کەرتە جیاوازەکانی شاری ئەلیگودەرز گەیاند و پێنج ئەندامی خێزانێکیش گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ