رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی پێکهاتەکان تەنیا خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی پارتی و یەکێتییە بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان. ئێستا هەردوو پێکهاتەی ئایینیی کوردانی ئێزدی و کاکەییش داوادەکەن لە هەموارکردنەوەی یاساکەدا هاوشێوەی کریستیانەکان، تورکمان و ئەرمەن کورسی کۆتایان بۆ دابنرێت.
پێکهاتەکان کە 11 کورسی کۆتایان لە 111 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان هەیە، بەگوێرەی دەنگەکانی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، دەنگەکانیان 23 هەزار و 165 دەنگ بووە بۆ هەرسێ پێکهاتەی تورکمان، کریستیان و ئەرمەن. ئێزدییەکان دەڵێن لە هەرێمی کوردستاندا ژمارەیان 120 هەزار کەسە و کاکەییەکانیش دەڵێن لە باشووری کوردستان نزیکەی 150 هەزار کەسن؛ ئەم دوو پێکهاتە ئایینییەش بە مافی خۆیانی دەزانن کورسیی کۆتایان هەبێت.
کوردانی ئێزدی داوای کورسییەک یان دوو کورسی دەکەن
رۆژی شەممە 11ـی ئاداری 2023، شەمۆ قاسم، ئەندامی دەستەی باڵای بنکەی لالش بۆ رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی کە تایبەتە بە کوردانی ئێزدی و لە دهۆکە، میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات. شەمۆ قاسم گوتی، کاتێک باسی پێکهاتەکان دەکرێت، دەبێت ئەوە بزانرێت بەگوێرەی یاسا رێکخراوە، کە پێکهاتەکان پێکهاتەی دینی و نەتەوەیین، نەوەک تەنیا پێکهاتەی نەتەوەیی.
ئەو ئەندامەی دەستەی باڵای بنکەی لالش گوتی: "ئێمە، تاوەکو ئێستا وەکو کۆتا کورسیمان نییە، ئەوە لەکاتێکدایە وەک ئێزدی لە هەموو کەسێکی دیکە زیاتر پێویستمان بە کورسیی کۆتایە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانین مافەکانی خۆمان بەگوێرەی یاسا بەدەستبهێنین".
بەگوتەی شەمۆ قاسم، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 120 هەزار کوردی ئێزدی هەن و زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆکن. ئەو داوایکرد لانیکەم کورسییەک یان دوو کورسی وەک کۆتای ئێزدی تەرخانبکرێت. گوتیشی: "شانازی بە کوردبوونی خۆمانەوە دەکەین، بەڵام وەکو ئایین، مافی خۆمانە کورسی کۆتامان هەبێت؛ داواکارم داواکەمان بەسیاسی نەکرێت، چونکە مافێکی خۆمانە".
کاکەییەکان لە 2014ـەوە داوای کورسی دەکەن
ئاکۆ شاوەیس، هاونیشتمانییەکی کاکەییە لە پارێزگای هەڵەبجە و ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ژمارەی کاکەییەکان لە هەرێمی کورستاندا روون نییە، بەڵام لە باشووری کوردستان نزیکەی 150 هەزار کاکەیی هەن.
جگە لە کەرکووک و گەرمیان، لە سنووری هەڵەبجەش کاکەیی دەژین. نزیکەی 600 خێزانی کاکەیی لە هەڵەبجە هەن کە ژمارەیان نزیکەی سێ هەزار کەس دەبێت.
ئەو چالاکڤانە گوتی، زۆرینەی کاکەییەکان لە کەرکووک و گەرمیاندا دەژین؛ گوتیشی "خۆم ئەندامی لیژنەیەک بووم، کە ساڵانی 2014 و 2017ـش چووینە پەرلەمانی کوردستان و، داوامانکرد ئێمەش کورسیمان لە پەرلەماندا هەبێت، بەڵام هیچمان بۆ نەکرا. ئێستاش کە باس دەکرێتەوە، هیوادارین حیزب دەستوەردان نەکات و ئەگەر کورسی بۆ کاکەییەکان تەرخانکرا، بڕیار بۆ خۆیان دابنرێت".
بەرەی تورکمانی: تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 300 هەزار کەسن
رۆژی شەممە 11ـی ئاداری 2023، هیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرژمێریی ورد نییە، بەڵام بەگوێرەی داتاکانی بەردەستمان و ئەو بەدواداچوونانەی کردوومانن، لە هەرێمی کوردستاندا 300 بۆ 350 هەزار تورکمان هەن، کە زۆرینەیان لە شاری هەولێرن".
لەبارەی تورکمانەکانی کفرییەوە، هیمداد سەباح گوتی، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو، نزیکەی 900 خێزانی تورکمان لە کفری هەن و ژمارەیان نزیکەی 4 هەزار و 500 کەسە.
عیماد رەفعەت، سەرۆکی لیستی تورکمانیش لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەنێو هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 255 هەزار تورکمان هەن، لەو ژمارەیەش نزیکەی 5 هەزار کەسیان دانیشتووی قەزای کفرین.
دەنگی تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی 2018:
پێکهاتەی تورکمان کە 5 کورسی پەرلەمانییان هەیە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 کورسییەکانیان بە 8 هەزار و 873 دەنگ بەدەستهێنا.
دەنگی فراکسیۆنەکانی تورکمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
- لیستی میللـەت؛ 885 دەنگ 1 کورسی.
- بەرەی تورکمانی؛ 1545 دەنگ 1 کورسی.
- پارتی چاکسازی تورکمانی؛ 3125 دەنگ 1 کورسی.
- پارتی گەشەپێدانی تورکمانی؛ 3318 دەنگ 2 کورسی.
"هەڵبژاردن پێوەر نییە و تورکمان هەیە دەنگی بە حیزبەکانی دیکە داوە"
ئازاد ئەکرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی میللـەت کە لە پێکهاتەی تورکمانە دەڵێت، ئەوانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە و دەنگیان بە تورکمان داوە دەرخەری ژمارەی تورکمانەکان نین. بە گوتەی ئەو، تورکمان هەبووە دەنگی بە تورکمان نەداوە و دەنگی بۆ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بووە.
ئازاد ئەکرەم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 100 ساڵی رابردوودا حکومەتەکانی عێراق ویستوویانە تورکمان "نەمێنێت" گوتیشی: "دەسەڵاتەکانی عێراق لەکاتی سەرژمێرییەکاندا دەیانگوت دەبێت یان بە عەرەب بنووسرێیت یان کورد؛ ئەو سیاسەتە 100 ساڵە دژی تورکمان درێژەی هەبووە، ئێستاش خەڵک هەیە تورکمانە و دەڵێت تورکمان نیم و هەولێریم".
کریستیانەکان: ژمارەمان لەنێوان 400 هەزار بۆ 600 هەزار کەسدایە
کریستیانەکانیش دەڵێن ژمارەیەکی وردیان بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەبەردەستدا نییە. ئەمڕۆ شەممە رۆمیۆ هەکاری، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئاشوورییەکان و ئەندام لە هاوپهیمانى یهكێتى نهتهوهیى کە کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان پێکیانهێناوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناتوانین ژمارەی ورد بدەین، بەڵام نزیکەی 85%ـی کریستیانەکانی عێراقیش هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و ئێستا ژمارەمان لەنێوان 400 بۆ 600 هەزار کەسدایە".
کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک و هەولێر زۆرن، بەڵام لە سلێمانیش هەن.
دەنگی کریستیانەکان لە هەڵبژاردنی 2018:
پێکهاتەی کریستیان کە 5 کورسی پەرلەمانیان هەیە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـدا کورسییەکانیان بە 13 هەزار و 677 دەنگ بەردەستهێنا.
لیستەکانی پێکهاتەی کریستیان و دەنگ و کورسییەکانیان بەمێشوەیەیە:
- هاوپەیمانی یەکێتیی نەتەوەیی؛ 8088 دەنگ، 3 کورسی پەرلەمان.
- لسیتی رافیدەین؛ 2626 دەنگ، 1 کورسی.
- ئهنجوومهنی گهلی كلدانی سریانی و ئاشووری 2963 دەنگ، 1کورسی.
هەروەها لیستی ئەرمەن یەک کورسییان هەیە و بە 615 دەنگ نوێنەرێکیان بۆ پەرلەمانی کوردستان سەرخستووە.
ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان بەگشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەت لەسەر پێکهاتەکان کۆتایی نەهاتووە و بڕیارە دووشەممەی داهاتوو (13-3-2023) سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان و دەرەوەی پەرلەمان کۆببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ