گەشتوگوزار: ئاسانکاری لە بازگەکان دەکرێت بۆئەوەی گەشتیاران زوو بەڕێبکرێن

11-03-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە هەموو بازگەکان پێشوازی لەو گەشتیارانە دەکەن کە بۆ بەهار و نەورۆز دێنە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت: "ئاسایشی بازگەکان هاوئاهەنگی لەگەڵمان هەیە و بە کەمترین کات گەشتیاران بەڕێدەکەن".
 
رۆژی شەممە، 11ـی ئاداری 2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانمان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کراوە و لە بازگەکانەوە پێشوازییان لێدەکەین".
 
دەستەی گەشتوگوزار وێڕای پێشوازی لە گەشتیاران، لە بازگەکاندا بە پێدانی رێبەری شوێنە گەشتیاری و هۆتێل و رێستۆرانتەکان هاوکاریی گەشتیاران دەکەن. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەکە دەڵێت: "هاوئاهەنگیی باشمان لەگەڵ ئاسایشی بازگەکان هەیە. ساڵانی رابردوو ئەو گەشتیارانەی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دەهاتنە هەرێمی کوردستان لە بازگەکان زۆر دەمانەوە، بەڵام ئێستا بە زوویی کارەکانیان تەواو دەکرێت و بەڕێدەکرێن".
 
بە گوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەگوێرەی داتاکانی ئەوان، ساڵ دوای ساڵ گەشتیاری زیاتری پارێزگاکانی عێراق بۆ نەورۆز سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی هاونیشتمانییان لە رۆژانی داهاتوودا بۆ سەیرانکردن دەچنە شوێنە گەشتیارییەکان رێنوێنیی ژینگەییان بەسەردا بڵاودەکەنەوە، هەروەها زەرفی تایبەتیان پێدەدەن بۆ ئەوەی زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران نەبێتە هۆی تێکدانی ژینگەی کوردستان.
 
لەبارەی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی، لە هەولێر و سلێمانی جگە لە کەرتی تایبەت، ئەو ئاهەنگانەی بە بۆنەی نەورۆزەوە بەڕێوەدەبرێن بە هاوئاهەنگیی ئەوان دەبێت. گوتیشی: "لە زاخۆ و سۆران دەستەکەمان ئاهەنگی جەماوەری بۆ هاونیشتمانییانی ئەو شارانە دەبێت".
 
بە گوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە کە زۆرینەیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لەو ئەی تی ئێمانەی لە دهۆک شکێندرا

لە دهۆک سێ ئامێری ATM شکێندران

لە سەنتەری پارێزگای دهۆک، سێ ئامێری ATMـی راکێشانی پارە تایبەت بە هەژماری من، شكێندراون و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە.