رووداو دیجیتاڵ
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە زنجیرە تویتێکدا کە درەنگانی شەوی رابردوو بڵاویکردووەتەوە، رەخنە لە حکومەت دەگرێت و دەڵێت: "بەداخەوە، ئامارەکانی بوومەلەرزەکەش هاوشێوەی ئامارەکانی کۆرۆنا دروست نین. بەداخەوە کە ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس لەژێر داروپەردوودان و دەکرێت ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لەدەستمانداون 30 هەزاری تێپەڕاندبێت".
دەمیرتاش هەروەها رووی دەمی لە بەرپرسانی وڵات دەکات و پێیان دەڵێت: "لە سەرەتای بوومەلەرزەکەدا گەورەیی رووداوەکەتان لە خەڵک شاردەوە بۆ ئەوەی کاردانەوەی لەناکاو دروستنەبێت، بەڵام بەم کارەتان خەڵکتان لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان دواخست".
حکومەتی تورکیا لە یەکەمین رۆژەکانی دوای بوومەلەرزەکەدا بەڵێنی پێدانی 10 هەزار لیرە (نزیکەی 530 دۆلار)ـی بە هەر خێزانێکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکەدا، دەمیرتاش ئەمە بە "سووکایەتی" ناودەبات.
دەمیرتاش هەروەها دەڵێت: "ئیدی کاتی ئەوە هاتووە 85 ملیۆن کەس راستییەک ببینن. ئەم دەسەڵاتە کۆتاییهاتووە. خۆمان دەست لە نێو دەست، هەوڵی ساڕێژکردنی برینەکانمان دەدەین".
رۆژی دووشەممە، 06-02-2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر لە باکووری کوردستان و تورکیا روویدا و زیانی گیانی و ماددیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد، کە کاژێر 2.18 خولەکی بەرەبەیانیی رۆژی شەممە، 11ـی شوباتی 2023 بڵاویکردووەتەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 20 هەزار و 318 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە 80 هەزار و 88 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ