رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر دەڵێت، پار دوو کەس بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش بریندار بوون. گوتیشی، هەر لەم ساڵەدا زیاتر لە 470 هەزار مەتر دووجا زەویی لە سنوورەکە لە مین پاککراونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 11-01-2024، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی پارێزگای هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی 2023ـی بەڕێوەبەرایەتییەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، ساڵی رابردوو 471 هەزار و 931 مەتر دووجا زەوی، لەلایەن تیمەکانیانەوە لە سنووری پاریزگای هەولێر لە مین و تەقەمەنی پاککراونەتەوە.
عەلی عەبدولڕەحمان گوتی، هەر لە ساڵی 2023ـدا، هەشت کێڵگەی مین بە رووبەری 330 هەزار و 883 مەتر دووجا لە تەقەمەنی پاککراونەتەوە و رادەستی خاوەنەکانیان کراوە، گوتیشی، ''کۆی رووبەری زەویی پشکنراو لەلایەن تیمی لەنێوبردنی تەقەمەنیی نەتەقاوە، 28 هەزا و 250 مەتر دووجا بووە.''
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی پارێزگای هەولێر، پار 892 مینی دژە کەسی، دوو مینی دژە تانگ و هەزار و 171 پارچە پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی لەنێوبراون.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوە کرد، 11 هەزار و 933 پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی لەلایەن تیمەکانیانەوە کۆکراونەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ کۆگای سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتییەکە و دواتر لە کاتێکی گونجاودا لەنێودەبرێن.
عەلی عەبدولڕەحمان ئەوەشی خستەڕوو، حەوت هەزار و 800 مەتر دووجا زەوی ئامادەکراوە بۆ پاککردنەوە و دەشڵێت، 25 هەزار و 547 مەتر دووجا زەوی بە شێوەی هەمیشەیی [سەبارەت بە هەبوونی مین و پاشماوەی جەنگی] نیشانە کراوە.
بەپێی راپۆرتەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی پارێزگای هەولێر، لە ساڵی 2023ـدا شەش هاونیشیتمانی لە سنووری پاریزگاکە بوونەتە قوربانیی مین و پاشماوەی جەنگی کە دوو لە قوربانیان گیانیان لەدەستداوە و چواریشیان بریندار بوون.
ئەرکی سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاروباری مین بریتییە لە هەڵگرتنەوەی مین و پاککردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان لە پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی و لابردنی مەترسی لەسەر گیانی هاونیشتمانیان و هۆشیارکردنەوەیان لە چۆنیێتیی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی مین.
بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2022، بەگشتی 31 بەرکەوتوو بە رووداوەکانی مین و تەقەمەنی تۆمارکراون، کە حەوتیان گیانیان لەدەستداوە و 24ـیشیان بریندار و کەمئەندام بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ