سکرتێری رۆژنامەڤانی مەلا بەختیار: ئەمڕۆ سکاڵایی یاسایی لەسەر عەلی حەمە ساڵح تۆمار دەکەین

11-01-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری رۆژنامەڤانیی مەلا بەختیار دەڵێت: "ئەمڕۆ سکاڵایی یاسایی لەسەر عەلی حەمە ساڵح تۆمار دەکەین." عەلی حەمە ساڵحیش دەڵێت: "لە کۆمێنتەکەم ناوی هیچ کەسێکم نەهێناوە."
 
رۆژی سێشەممە 10-1-2023، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو رۆژی چوارشەممە عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان کاتی هەیە بۆئەوەی لە بەرامبەر نووسینێکی داوای لێبوردن بکات، ئەگینا سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-1-2023، مەریوان عەلی، سکرتێری رۆژنامەڤانیی مەلا بەختیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا عەلی حەمە ساڵح پەیوەندی پێوەنەکردووین و داوای لێبوردنی نەکردووە؛ بۆیە ئەمڕۆ سکاڵایی یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین، با دادگە ئەم کەیسە یەکلابکاتەوە."
 
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستانیش لەو بارەوە ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت: "پەیوەندیم بە هیچ کەسێک نەکردووە و لە کۆمێنتەکەشم ناوی هیچ کەسێکم نەهێناوە."
 
عەلی حەمە ساڵح لە کۆمێنتێدا نووسیبووی: "دوژمنی سلێمانی ئەوانەن قاچاخی بەسەر خەڵکەکەیەوە دەکەن! زەویە نایابەکانی داگیردەکەن! منداڵەکانی رەز و باخ و گوندی خەڵک دەسووتێنن. مانگانە پارە لە بەغداوە دەهات و گەورەترین دزی لە سلێمانی بردنی 35 ملیۆن دۆلاری مانگانەی پڕۆژەکانی سلێمانی حیزبەکەی کاک بەختیار دەیبرد کە ئەو کات بەرپرس بوو..!"
 
عەلی حەمە ساڵح لە بەشێکی دیکەی کۆمێنتەکەدا دەڵێت: "دوژمنی سلێمانی ئەوانەن 30 ساڵە لەسەر حیسابی ئەم شارە، خاوەنی ژیانی شاهانەیە، دەزگای بێکەڵکی هەیە و ملیۆن دۆلار لە حسابی ئەم شارەی بۆ خەرج دەکرێت و باخ و ڤێلای هەیە، مووچەی پاسەوان و سەفەر و سەفای هەیە لەسەر حسابی هەژاری ئەم شارە!"
 
پەرلەمانتارەکەی کوردستان ناوی هیچ کەسی دیکە ناهێنێت، بەڵام دەنووسێت: "کێ لە ئوردن خێزانەکەی نەخۆشخانە و هۆتێلی هەیە؟ زۆر شتی تر! بە کام پارە کڕدرا؟"
 
لە وەڵامی ئەو کۆمێنتەدا رۆژی سێشەممە 10-1-2023، سکرتێری رۆژنامەڤانیی مەلا بەختیار روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح لە کۆمێنتێكدا تۆمەتێکی بۆ مەلا بەختیار و خانەوادەکەی هەڵبەستوە کە گوایە لە ئوردن هۆتێل و نەخۆشخانەیان هەیە!"
 
سکرتێری رۆژنامەڤانیی مەلا بەختیار رەتی دەکاتەوە، "مەلا بەختیار لە هیچ شوێنێک پڕۆژەی بازرگانی هەبێت" و دەڵێت: ئەگەر کەسێک توانی پێچەوانەی ئەمە بسەلمێنێت، ئەوا مەلا بەختیار ئامادەیە بۆ هەمیشە واز لە سیاسەت بهێنێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە