گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان: خەڵکی کوردستان پێویستیان بە فراوانبوونی بەرەیەکی سیاسی هەیە

10-11-2023
پەیمان محەممەد
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان.
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان.
A+ A-
روودو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، پرۆسەی ئاشتکردنەوەی ئەندامە زویربووەکانیان تەواونەبووە و هێشتا لە سەرەتادان، گوتیشی، ئێستا هەرێمی کوردستان لە بۆشایی ''هێزێکی سیاسیی بەرهەڵستکاری جددی''ـدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک.
 
رۆژی هەینی، 10-11-2023، دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەراوێزی رێوڕەسمی یادی سێ ساڵەی کۆچی دوایی قادر حاجی عەلی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانمان لەگەڵ سەرکردە نیگەرانەکان بەردەوام بووە، بۆ ئەوەی خاڵی هاوبەشی زیاتر بدۆزینەوە.''
 
زیاتر لە ساڵێکە بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆ رێکخستنەوەیە و هەوڵێکیش هەیە بۆ ئاشتکردنەوەی ئەندامە زویربووەکانی بزووتنەوەکە، دلێر عەبدولخالق گوتی، پرۆسەی ئاشتەوایی و بەیەکەوە کارکردن تەواونەبووە و هێشتا لە سەرەتادان.
 
''لیژنەی ئاشتەوایی'' بۆ بەدواداچوونی کارەکانی ئاشتکردنەوە و دانوستاندن، لەگەڵ ئەندامە ناڕازییەکان کۆدەبێتەوە و هەوڵی ئاشتکردنەوەیان دەدات.
 
شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی پێشووی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پۆستێکدا لە فەیسبووکی خۆی بە دوورودرێژی باس لە هەوڵە ئاشتەواییەکانی نێو بزووتنەوەی گۆڕان کردووە.
 
شەماڵ عەبدولوەفا دەڵێت، "گەڕی یەکەمی ئاشتەوایی ژمارەیەک کاراکتەر و هەڵسوڕاوی دڵسۆز دەستیان پێکرد و هەر زووش شکستی هێنا. گەڕی دووەمیش لەلایەن بەڕێز دکتۆر بورهان یاسینەوە هەوڵی بۆ درا بە پرۆژەیەک دواتر بە گەڕانەوەی خۆی و بینینی هەموو کەس و کاراکتەرەکان لە پێناو سەرخستنی پرۆژەکەیدا ئەویش زوو شکستی پێهێنرا. سێیەم گەڕی ئاشتەوایی لە سەرەتای ئەم ساڵدا دەستی پێکرد."
 
‎ئەندامی پێشووی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، باس لەوە دەکات، تێگەیشتنەکان بۆ ئاشتەواییەکە فرە چەشن و فرە رەنگ بوون ، کە بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبوون، "‎بەرەیەکیان پەرۆشی و دڵسۆزی بوو بۆ کۆکردنەوە و سەرپێخستنی بزووتنەوەکە تاوەکو بچێتەوە سەر هەڵوێست و گوتارە رەسەن و  رێچکە راستەقینەکەی خۆی. ‎بەرەکەی دیکەیان ئاشتەوایی بە پرەنسپبی ئەوەی وەرەوە لامان شوێن و رێگە و پێگەت روون و باش دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی لەژێر چەتری مندا بیت."
 
بە گوتەی شەماڵ عەبدولوەفا، "لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا بەرۆیشتنی کات بەرەی سێیەمی ئاشتەوایی ھەڵتۆقی، بەڵام شەرمنانە و دەمامکدار، ئەم سێ بەرەیە لە ململانێ و کێشمە کێشدا بوون،‎ تاوەکو وای لێهات بەرەی سێیەمیش بە لای بەرەی دووەمدا شکایەوە." 
 
عوسمانی حاجی مەحموود، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکردەی پێشووی ئەو بزووتنەوەیە لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ بۆ چاکسازی لەنێو بزووتنەوەکە 17 خاڵی خستووەتە بەردەستی سەرکردەکانی ئێستا وەکو پێش مەرج بۆ دەستبردن بۆ هەر کارکردنێک لەنێو بزووتنەوەکەدا.
 
دلێر عەبدولخالق گوتی، هەرێمی کوردستان ئێستا لە بۆشایی ''هێزێکی سیاسیی بەرهەڵستکاری جددی''ـدایە بۆ ئەوەی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان، پشتیوانی لە خەڵک بکات.
 
رۆژی 5-12-2006 نەوشیروان مستەفا جیابوونەوەی خۆی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاند، یەكەم رۆژی مانگی 1ـی 2007 كۆمپانیای وشەی بۆ راگەیاندن دامەزراند، لە هەڵبژاردنەكانی 25-7-2009، بە لیستی گۆڕان بەشداری لە پەرلەمانی كوردستاندا كرد و 25 كورسیی بەدەستهێنا، ئیدی ئەو رێککەوتەی وەكو رۆژی دروستبوونی خۆی دەستنیشان كردووە.
 
لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی ئەو بزووتنەوەیەوە، ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی پەیوەندییان بە لایەنەکانی دیکەوە کرد و بەشێکیشیان بەهۆی ناڕازییان لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە وازیان هێناوە و بەشێکیشیان لە ماڵەوە دانیشتوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە