رووداو دیجیتاڵ
کارەکانی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەردەوامن. بەڕێوەبەری پرۆژەکە دەڵێ، زیاتر لە نیوەی شەقامەکە قیرتاو کراوە.
ئەبوبەکر تەیب، بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕگە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە کە قیرتاوکردن و دانانی چینی بەردی شکاوە و ئێستا کاریان تێدا دەکرێت.
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کە بە "ئۆتۆبانی بابان"یش ناسراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و درێژییەکەی 34 کیلۆمەترە.
بەڕێوەبەری کارەکانی شەقامی 100 مەتری سلێمانی گوتی، تاوەکو ئێستا دوو چینی 18 کیلۆمەتری شەقامەکە قیرتاوکراوە. دانانی چینی بەردی شکاو گەیشتووەتە 19 کیلۆمەتر و تێکەڵەکردنی رێگەکەش 22 کیلۆمەتری بڕیوە.
بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە حەوت یەکتر بڕ، پێنج ئەندەرپاس، و چوار پرد و فلای ئۆڤەرێکی تێدەکەوێت. ئەبوبەکر تەیب دەڵێت: "پێنج لە پرد و یەکتربڕەکان لە تەواوبووندان، دووانیشیان، کە دەکەونە تاسڵوجە و تانجەرۆوە، بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت."
لەبارەی کاتی تەواوبوونی ئۆتۆبانی بابان لە سلێمانی، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە گوتی: "ساڵی داهاتوو ئەنجامی کارەکان دیار دەبێت و بەگوێرەی خەرجکردنی پارە، خێرایی پڕۆژەکە زیاتر دەکرێت".
ئۆتۆبانی بابان لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بە چەند قۆناخێك جێبەجێ دەكرێت، گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە و بڕیار بوو لە ماوەی 1100 رۆژ واتە تاوەکو 30-8-2023 تەواو بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ