رێڤەبەریی خۆسەر: زیانی بۆردوومانەکانی تورکیا 100 ملیۆن دۆلار بووە

10-10-2023
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێڤەبەریی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، بۆردوومانەکانی تورکیا زیانی 100 ملیۆن دۆلاری لە وێستگەی کارەبا، کێڵگەی نەوت و گاز لە ناوچەکانی سوێدییەی سەر بە دێرک داوە.
 
عەگید عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری کارگەی گازی سوێدییە رایگەیاند، لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر وێستگەی سووتەمەنی، گاز و کارەبا، لە ناوچەی سوێدییەی سەر بە دێرک، بایی 100 ملیۆن زیانی هەبووە و گوتی: "بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی غازی ماڵان نزیکەی 15 هەزار بوتڵ کەمیکردووە".
 
هاوکات زیاد رۆستەم، بەرپرسی نووسینگەی وزەی رێڤەبەریی خۆسەر رایگەیاند، لەبەر بەئامانجگرتنی کارگەی گازی سوێدییە لەلایەن تورکیاوە، بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە جزیرەی رۆژئاوای کوردستان پەکیکەوتووە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "کاژێر 22:00ـی شەوی 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، هێزە ئاسمانییەکانمان، شەش پێگە و دامەزراوەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازی لە باکووری سووریا بۆردوومانکرد. تەواوی ئامانجەکان پێکران و تێکشکێندران کە بنکەی چەکداری، جبەخانە، حەشارگە و دامەزراوەی نەوتی دەگرنەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 9ی تشرینی یەکەمی 2023، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا گوتی "تورکیا لە تاوانەکانی لە دژی دانیشتووانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، چەندین جۆری چەک بەکاردەهێنێت و خەڵکی سڤیل و کەسانی سەربازی و هەروەها ژێرخانی ناوچەکەش دەکاتە ئامانج."
 
شەوی یەکشەممە فڕۆکەکانی سوپای تورکیا ئەکادیمیایەکی هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە دەکەوێتە گوندی حەمزەبەگ لە ناوچەی کۆچەراتی سەر بە دێرکی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد.
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەربە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەبارەی ئەو هێرشەوە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر گیانیان لەدەستداوە و 28 ئەندامیشیان بریندار بوون.
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، لەبارەی هێرشەکەی سەر ئەکادێمیای "شەهید نەسرین"ی هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس راگەیاند: "تورکیای داگیرکەر ئەکادێمیای ئاسایشی نێوخۆی لە دێرک بەئامانج گرت و لە ئەنجامدا 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر شەهیدبوون. ئەمە تاوانێکی قێزەونە و پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە کە ناتواندرێت چاوپۆشیی لێبکرێت."
 
مەزڵووم عەبدی گوتی، ئەکادێمیای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە تورکیا بۆردوومانی کردووە، رێکخراوێکی مەدەنیی ناحکومین و هاوکاری لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەردەگرێت.
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە هەروەها دەڵێت، "ئێمە بێباک نین لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشی دوژمنکارانەی تورکیا بۆ سەر خاک و گەلەکەمان، لە مافی رەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا کەڵک وەردەگرین."
 
دوای هێرشەکەی سەر ئەکادیمیایەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە دێرک و گیانلەدەستدانی 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا راگەیاند.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆتۆمبێلێک کە هێزەکانی هەسەدە  لە منبج تەقاندوویانەتەوە.

هەسەدە لە رۆژهەڵاتی منبج دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد

هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و رۆژهەڵاتی منبج دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک لە دژی چەکدارانی 'سوپای نیشتمانیی سووریا' کردووە و دەیان چەکداریان کوشتووە و تانکێکیان تێکشاندووە. هەروەها چەند گوندێکیان رزگار کردووە.