بارزانی لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر چ کتێبێکی کڕی ؟

10-10-2018 1 کۆمێنتەکان
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
سەرۆک بارزانی لە 13یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر
سەرۆک بارزانی لە 13یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر
نیشانەکردن بارزانی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی 13ـیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر کرایەوە، لە پێشانگەکەدا بارزانی کتێبی (پەندەکانی پیرەمێرد)ـی کڕی.

سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو لەنێو پێشانگەکە رایگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆک بارزانی پێشانگەکەی کردەوە، سەیری بەشێکی زۆری کتێبەکانی کرد و لە یەکێک لە کۆشکەکانی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە کتێبی ( پەندەکانی پیرەمێرد)ـی کڕی. 

پەیامنێری رووداو دەشڵێت، بارزانی ماوەی کاژێرێک لە پێشانگەکەدا مایەوە، جگە لەم کتێبەی کە خۆی کڕیویەتی، لەلایەن سەرپەرشتیارانی پێشانگەکە و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، چەند کتێبێکی دیکەی بەدیاری پێدرا.

کتێبەکە (پەندەکانی پیرەمێرد) لە سێ بەرگ پێکدێت و لەلایەن، (فایەق هۆشیار، مستەفا ساڵح کەریم، مەحموود ئەحمەد محەممەد، محەممەد نووری تۆفیق و ئەحمەد زرنگ) کاری کۆکردنەوە و ساخکردنەوەی بۆ کراوە.


لە پێشانگەکە نێودەوڵەتییەکەی ئەمساڵی کتێب لە هەولێر، 200 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە زیاتر لە 30 وڵاتەوە کتێبەکانیان نمایشکردوون.

پیرەمێرد کێیە ؟


پیرەمێرد یان حاجی تۆفیق بەگ، ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە، ساڵی 1867 لە سلێمانی لە دایکبووە. 

ساڵی 1898 دەچێتە ئیستەنبووڵ، لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دادەمەزرێت.

لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، دەگەڕێتەوە سلێمانی و تاوەکو دواساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری وێژەیی و رۆژنامەڤانی دەبێت. 

پیرەمێرد بەرھەمی وێژەیی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی رۆژنامەگەریی کوردی کردووە، لە بواری رۆژنامەڤانی کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە. بەشێک لە کارەکانی پیرەمێرد: (رۆژنامەی رەسملی کاتب، رۆژنامەی کورد تەعاون، ترقی غزەتەسی، رۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین).

پیرەمێرد، هۆزانڤان و نووسەر و رۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو، لە 19ـی حوزەیرانی ساڵی 1950 کۆچی دواییکرد.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 
  • 10-10-2018
    سامان
    سەرکەوتووبیت هەڵبژاردەکەی ئەڵماسە جاکی پێکەوە کاک مەسعود .