خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی: دیارنییە کەی مووچەی خانەنشینی یەکەی 70 دابەش دەکرێت

10-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە دابەش نەکراوە. بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، وەزارەتی دارایی پارەی بۆ ئەو خانەنشینانە نەناردووە.
 
هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پارەی مووچەی خانەنشینانی یەکەی 70ی نەناردووە بۆ بانکەکانی سلێمانی."
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی گوتی، تاوەکو ئێستا دیارنییە کەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی پارەی ئەو خانەنشینانە دەدات.
 
نێوەڕۆکی کێشەی مووچەی خانەنشینانی یەکەی 70 چییە؟
 
22ـی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند نوێنەرێکی خانەنشینانی یەکەی 70ی پێشمەرگە رایگەیاند، مووچەی دوو مانگی ئەو خانەنشینانە بە شێوەی سولفە خەرج دەکرێت، تاوەکو بە فەرمی دۆسیەکانیان دەدەنە وەزارەتەکەیان.
 
خانەنشینانی یەکەی 70 ژمارەیان زیاتر لە 9000 کەسە و مووچەی مانگانەیان نزیکەی چوار ملیار دینارە. وەزارەتی دارایی 22ی تەممووز رایگەیاند، "مووچەی ئەو خانەنشینانە تاوەکو ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری."
 
ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند، بەگوێرەی یاسای چاکسازی و راپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی، نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی 70 "هیچ داتا و زانیاری و دۆسێیەکیان لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری نییە، بۆیە لە وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە."
 
ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەش کردبوو، وەزارەتەکەی بەرپرسیار نییە لە دواکەوتن یان نەدانی مووچەی ئەو خانەنشینانە و داوایکرد: "فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70 کار بکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات دۆسێکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان."
 
لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، هەردوو یەکەی 70 و 80 هەن، یەکەی یەکەمیان سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە و ئەوی دیکەش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە