رووداو دیجیتاڵ
دوای ناڕەزایی بەشێکی هاونیشتمانییان لە بۆنی برنجی بەشەخۆراکی شەشەم کە دابەشکردنی بەردەوامە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، برنجەکە نوێیە و کێشەی تەندروستیی نییە.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "برنجی بەشەخۆراک بۆنەکەی پێش دروستکردنە، دوای شۆردنەوە و لێنانی هیچ بۆنێکی نامێنێت."
بەشەخۆراکی شەشەم دابەشکردنی لە زۆرینەی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و لە هەندێک شوێنیش بەردەوامە. کامەران فەتاح گوتی، برنجەکە لە ئۆرۆگوایەوە هاوردە کراوە و لە مانگەکانی شەش و حەوتی ئەم ساڵ دروستکراوە، تاوەکو هەمان مانگی 2026 بەسەر ناچێت.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی دڵنیایی دا، "هەموو بەشەخۆراکی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریدا دەهێندرێت و پشکنینی تەندروستیی بۆ دەکرێت."
لە سێ مانگی رابردوودا، بەشە برنجی هەر کەسێک مانگانە دوو کیلۆ و نیو بوو، لە بەشەخۆراکی شەشەمدا کرایە سێ کیلۆ.
جیا لە برنج، بەشەخۆراکی شەشەم بۆ هەر کەسێک ئەمانە بوون: 9 کیلۆ ئارد، کیلۆیەک شەکر، لیترێک رۆنی شل و کیلۆیەک نیسک.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ