رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەرەداخ دەڵێت، پێش تەقەکردنەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە لە هەبوونی ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لە ناوچەکەدا ئاگادارکراونەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە شوێنەکەدا ژمارەیەک ئامێر جێهێڵدراون کە پێدەچیت مەبەست لێیان بەکارهێنانیان بووبێت بە مەبەستی دزینی شوێنەواری نەرامسین.
رۆژی شەممە، 10-08-2024، رەئووف کەمال، قایمقامی قەزای قەرەداخ لەبارەی شەڕەتەقەکەی دوێنێی سنووری قەزاکە بە نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''تاوەکو ئێستا هیچ کەس دەستگیرنەکراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی کێوماڵکردنن".
رەئووف کەمال هۆکاری دەستگیرنەکردنی تەقەکەرەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ناوچەکە ''سەختە و چڕیی دارستان و درەنگانی ئێوارە دەرفەتی خۆشاردنەوەی بۆ چەکدارەکان رەخساند، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لە گەڕان بەدوایاندا بەردەوامن.''
ئێوارەی دوێنێ لە سنووری قەزای قەرەداخ لە پارێزگای سلێمانی پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و گرووپێکی چەکدار روویدا و ئاسایش رایگەیاند، "دوو ئەنداممان شەهیدبوون."
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێرشەکەی قەرەداخ کردەوەیەکی ''تیرۆریستی'' بووە و ئەنجامدەران سەر بە رێکخراوی داعشن.
بەگوتەی قایمقامی قەرەداخ، پێشتر هیچ زانیارییەک لەبارەی هەبوونی ئەندامانی داعش لە ناوچەکەدا نەبووە، بەڵام ئێوارەی دوێنێ لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە ئاگادارکراونەتەوە کە چەند چەکدارێکی نەناسراو چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
رەئووف کەمال ئاماژەی بەوە کرد، ''کاتێک هێزە ئەمنییەکان بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە چوونەتە ئەو شوێنە، لەلایەن چەکدارەکانەوە تەقەیان لێکراوە"؛ گوتیشی، لە شوێنی رووداوەکە ئامێری بڕینی شاخ و ژمارەیەک کەلوپەل دۆزراونەتەوە کە پێدەچێت ئامانج لێیان دزینی شوێنەواری نەرامسین بووبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ