کوردستان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی ژمارەیەک کارمەندی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ''پیشەییانە و بێلایەنانە'' بەڕێوەدەبردرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سبەی تیروپشک بۆ هەڵبژاردنی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان دەکرێت.
کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ شەممە 10-08-2024، لە شاری هەولێر دەست بە تیروپشک بۆ ئەو لایەن و هاوپەیمانێتی و بەربژێرە تاکەکەسییانە کرا کە بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەر لە دەستپێکی تیروپشکەکە رایگەیاند، ''تیروپشکەکە بۆ 71 لیستی بەشداربووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کۆی 136 لیست دەبێت کە بریتین لە پارتە سیاسییەکان، هاوپەیمانیێتییەکان و بەربژێرانی سەربەخۆ.''
لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا، نوێنەرانی یونامی، پارتە سیاسییەکان، بەربژێرە سەربەخۆکان و رۆژنامەڤانان ئامادە بوون. عومەر ئەحمەد گوتی، ''هەم هەفتەیە وەک کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی دیکە لە هەولێر دەبین''.
بە گوتەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سبەی یەکشەممە لە هەولێر تیروپشک بۆ هەڵبژاردنی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان دەکرێت و رۆژی دووشەممەش ئامێرەکانی دەنگدان تاقی دەکرێنەوە.
عومەر ئەحمەد رایگەیاند، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ''پیشەییانە و بێلایەنانە'' بەڕێوەدەبردرێت و هەموو رێکارەکان ''بێگەرد و شەفاف'' بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی و کامێرای میدیاکان ئەنجام دەدرێن.
رۆژی 8ـی نیسان کۆمیسیۆن تیروپشکی بۆ ژمارەیەک هاوپەیمانێتی، حیزب، بەربژیری سەربەخۆ و کۆتا کرد. ئەو کات بەشێک لە پارت و بەربژێرەکان ناویان پێشکێش نەکردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ