رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ لێکنزیکبوونەوەیەک لەنێوان لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگادا نییە. دەشڵێت سوورن لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی بێت.
بڕیارە کاژێر 13:00ـی پێنجشەممە، 11ـی تەممووز، یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بکرێت، دواى ئەوەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە ئەندامانى ئەنجوومەنەکە کرد کۆببنەوە.
رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنەکەدا بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشوازی لە داواکارییەکەی سەرۆکوەزیران دەکەن.
زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە براوەکان، تاوەکو ئێستاش ئەنجوومەنی نوێ نەیتوانیوە کۆببێتەوە.
رێبوار تەها گوتی ''دانیشتنەکەی سبەی، تەنیا بۆ رەوایەتیدانە بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دەستبەکاربوونی، کە بەپێی یاسا لەگەڵ یەکەمین دانیشتن دەستبەکار دەبێت.''
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا زۆربەی لایەنە براوەکان بە پارتی و یەکێتیشەوە رەزامەندیی خۆیان بۆ بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەی پێنجشەممە دەربڕیوە. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی "تاوەکو ئێستا بۆ دیاریکردنی پارێزگار و دابەشکردنی پۆستەکانی دیکەی ئەنجوومەن، هیچ لێکنزیکبوونەوەیەک لە نێوان یەکێتی و لایەنە براوەکاندا نییە.''
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک 16 کورسیی هەیە، یەکێتى زۆرترین کورسیی بەدەستهێناوە و خاوەنی پێنج کورسییە. رێبوار تەها دەڵێت ''بەپێی شایستەی هەڵبژاردن، بە باشی دەزانین و جەختیشی لێدەکەینەوە کە پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی بێت.''
هاوکات پارتى دوو کورسی ئەنجوومەنەکەی بەدەستهێناوە، فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێناوە 6 کورسی، تورکمان دوو کورسی و کریستیانەکان یەک کورسیی کۆتایان هەیە. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، بەنیازن حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە، بە هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم پێکهاتە و لایەنە براوەکان پێکبهێنن.
دوای ئەوەی راکان جبووری، پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت وەک ئەندامى ئەنجوومەن لە دادگە سوێندی یاسایی خوارد، بڕیارە وەکو بەتەمەنترین ئەندام، سبەی سەرۆکایەتیی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بکات. رێبوار تەها گوتی ''ئەو کەسەی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە دەکات، تەنیا یەک ئەرکی هەیە و ئەویش کردنەوەی دەرگەی یاساییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەن و جێگرەکەی، بۆیە هیچ مەترسییەک لەم بابەتەدا نییە.''
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، دوای دانیشتنی سبەی، دەبێ لە ماوەی 30 رۆژدا پارێزگاری نوێ هەڵبژێردرێت، تاوەکو ئەوکات دەکرێ یەکێک لە جێگرەکانی راکان جبووری، کارەکان بە وەکالەت رایی بکات، بەڵام ئەرکەکەی تەنیا کاربەڕێکەری دەبێت و کاری رۆژانەی حکومەت رایی دەکات.
بەگوێرەى یاسا، 5ی شوبات دوا وادە بووە بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر داواى پارێزگار، بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکان لەسەر پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی ئەو کۆبوونەوەیە نەکرا.
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کە لە 16 ئەندام پێکهاتووە؛ بۆ کۆبوونەوە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەى سادەیە کە 9 ئەندامە و تاوەکو ئێستا پێشبینی دەکرێت بۆ کۆبوونەوەی سبەی، زیاتر لە نۆ ئەندام ئامادە ببن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ