ئەوانەی لە (هەژماری من) تۆمار کراون ئەمڕۆ مووچەکانیان وەردەگرن

10-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە تیمی (هەژماری من) وەریگرتووە، ئەمڕۆ لە رێگەی پڕۆژەکەوە نزیکەی 75 هەزار کەس دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە رێگەی نامەی مۆبایلەوە ئەو مووچەخۆرانە ئاگادار دەکرێنەوە کە پارە خراوەتە سەر هەژمارەکەیان.
 
بۆ ئەم مانگە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە 32 شوێن ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) دانراوە و مووچەخۆران دەتوانن بچن و مووچەکەیان رابکێشن.
 
بەرپرسێکی پڕۆژەی (هەژماری من) ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ئەوانەی ئەمڕۆ دەتوانن لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە مووچە وەربگرن، فەرمانبەرانی تەواوی ئەو وەزارەتانەن کە لە لیستی دوێنێی وەزارەتی داراییدا بڵاوکرابوونەوە و گوتیشی: "مانگەکانی داهاتوو ئەم پڕۆسەیە فراوان دەبێت بۆ هەموو پارێزگاکان."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە 9ی تەممووز بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ ئەم شوێنانە مووچەی مانگی شەش وەردەگرن: وەزارەتەکانی تەندروستی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، ب. گشتی رەگەزنامە، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دیوانی چاودێریی دارایی و مافی مرۆڤ.
 
هەروەها سبەی وەزارەتەکانی پەروەردە، داد، ئەنجوومەنی دادوەری، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سرووشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، پلاندانان، رۆشنبیری و لاوان، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران مووچە وەردەگرن.
 
وەزارەتەکانی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی مووچەکەدا نین. وەزارەتی دارایی لەوبارەیەوە دەڵێت، "تەمویلەکەیان لە بەغداوە نەهاتووە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی دروست بووە."
 
لیستەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80ی تێدا نەبوو، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەغدا دەڵێت، وردبینیی تێدا دەکرێت و دەبێت چارەسەر بکرێت.
 
دوێنێ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە لە گوتارێکدا رایگەیاند، "مووچەکە لە بەغداوە دێت. دەبێت ئەمڕۆ لیژنەی حکومەتی عێراق سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە بکەن. دڵنیام دوای ئەوە کێشەکە لەم دوو، سێ رۆژەدا چارەسەر دەکرێت. هاوکاریی هاوپەیمانان هیچ کێشەیەکی نییە."
 
پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران.
 
شوباتی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی (هەژماری من')ی راگەیاند. بەپێی حکومەت، "بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)ـەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''