کوردستان
دیمەنی دوو شوێنی سنووری دهۆک کە لەلایەن تورکیاوە بە بیانووی بوونی پێگەی پەکەکە تێیاندا، بۆردوومان کراون. وێنەکان: رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT) دەڵێت، لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا، 162 گوند لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی چۆڵکراون. ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی ئەو شەڕەوە ئەم ساڵ هەشت هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ سوپای تورکیا 1076 جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە؛ 93%ی ئەو هێرشکردنە بە فڕۆکەی جەنگی بووە؛ ئەوی دیکەی بۆردوومان بە درۆن و تۆپباران بووە."
کامەران عوسمان کە رێکخراوەکەی بایەخ بە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، گوتی، ساڵی رابردووش تورکیا 1548 جار بۆردوومان و تۆپبارانی هەرێمی کوردستانی کردبوو.
بەگوێرەی (CPT)، زۆرینەی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە، بەتایبەت لە سنووری چیاکانی گارە و مەتین. ئەو گوندانەی ئەم ساڵ زۆرترین بۆردوومان و تۆپباران کراون لە سنووری چیای گارە، بریتین لە: گوهەرزێ، بەرچێ، بەلاڤا، کانێ، ئاشکێ بێرێ، سەرگەلێ.
کامەران عوسمان ئاماژەی بەوە کرد، لەو گوندانەی سنووری چیای گارەدا 20 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و باخ سووتاوە؛ گوتیشی، "ئەو گوندانە دەمێکە چۆڵکراون، بەڵام رۆژانە بەشێک لە هاونیشتمانیان بەیانیان تاوەکو خۆرئاوابوون بۆ کشتوکاڵ و باخداری دەگەڕانەوە گوند. دوای دەستپێکردنی بۆردوومان و تۆپبارانەکەی ئەم دواییە، ئیدی کەس بۆ کشتوکاڵ و باخداریش ناتوانێت بچێتەوە ئەو گوندانە."
بەشێکی دیکەی ئەو گوندانەی سنووری پارێزگای دهۆک کە لە سنووری چیای مەتینن و بەر بۆردوومان و تۆپباران کەوتوون بریتین لە مژێ، کەڤنەمەژێ، سپیندارێ، دێرەشێ، گیرگاشێ. کامەران عوسمان دەڵێت، نزیکەی 80%ی زەوی کشتوکاڵی و باخداری ئەو ناوچانەش بەهۆی بۆردوومان و تۆپباران و لە ئەنجامی شەڕ سووتاون.
بەگوێرەی ئاماری (CPT)، لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا، 162 گوندی هەرێمی کوردستان بە تەواوی چۆڵکراون و 602 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
کامەران عوسمان دەڵێت، "بەشێکی ئەو گوندانەی مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە دانیشتوانیان کریستیانن. بۆ نموونە، گوندی میسکا بەهۆی بۆردوومانەوە زیان بە کەنیسەکەی کەوتووە و خەڵکەکەی مەترسی لەسەرە؛ هەروەها گوندی کریستیاننشین هەیە 15 ماڵ دانیشتووانی هەبووە و ئێستا یەک ماڵی ماوەتەوە. ئەو هاونیشتمانیانە نەوەکو کوردستان، عێراقیشیان جێهێشتووە."
لەبارەی ئاماری قوربانییەکانی شەڕەوە، کامەران عوسمان گوتی، "لە ساڵی 1991ـەوە 334 هاونیشتمانی سڤیل لە ئەنجامی شەڕەکە و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیاوە شەهیدبوون و 358 کەسیش بریندار بوون، لەنێویاندا ئەم ساڵ هەشت شەهید و یەک بریندار هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ