رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەت لە ماوەی کارکردنیدا، بە گوژمەی زیاتر لە 900 ملیار دینار پڕۆژەی رێگەوبانی جێبەجێ کردوون، کە زیاتر لە 240 پڕۆژەن ستراتیژی و بچووکن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10-06-2024، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پڕۆژەی رێگەی نێوان دەربەندیخان - کەلاری کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''ئەم پڕۆژە ستراتیژییە بە هەر دوو سایدییەوە، نزیکەی 80 کیلۆمەترە کە تاوەکو ئێستا خەرجکردنی بودجەی جێبەجێکردنی نزیک بووەتەوە لە 80٪ و 57 کیلۆمەتری تەواو کراوە.''
دانا عەبدولکەریم گوتی، ئەم پڕۆژەیە زیاتر لە 35 پردی تێدایە، کە بەشی زۆری پردەکان تەواوکراون و هەندێکیشیان کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
رێگەی نێوان دەربەندیخان – کەلار، یەک سایدە و چەند ساڵێکە کار بۆ بە دووسایدکردنی دەکرێت، بەڵام تەواو نەکراوە. وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد، ''ئومێدەوارین ئەگەر گرفتی دارایی نەبێت، تا کۆتایی ساڵ بتوانین ئەم پڕۆژەیەش تەواو بکەین.''
دانا عەبدولکەریم باسی لە هۆکاری وەستانی پڕۆژەی وارماوە - دەربەندیخان کرد و گوتی: ''هۆکاری سەرەکی راگیرانی پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار، کە ناتوانێت دەستبەکار ببێتەوە؛ ئێمە ئاگادارکردنەوەمان پێشکێشکردوون ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکدا دەستبەکار نەبنەوە، ناچار دەبین بەپێی یاسای رێنماییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، کارەکانیان لێ وەربگرینەوە و رادەستی کۆمپانیایەکی دیکەی بکەین، بۆ ئەوەی کارەکان تەواو بکرێن.''
درێژیی دووسایدى وارماوە – دەربەندیخان نزیکەی 10 کیلۆمەترە، بودجەی پڕۆژەکە 44 ملیار دینارە و 78٪ـی کارەکانی تەواوکراون، بەڵام کارکردن تێیدا وەستاوە.
بۆ بودجەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، 4 تریلیۆن و 954 ملیار و 240 ملیۆن و 172 هەزار دینار تەرخانکراوە. بەگوتەی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی، پشکی بودجەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، سەرجەم پڕۆژە راگیراوەکان دەخرێنەوەگەڕ.
دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بە رێگەی دووکان - چوارقوڕنەش کرد کە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت و گوتی، قۆناخی یەکەمی لە چوارقوڕنەوە تاوەکو پردی هیزۆپ 95٪ـی کارەکانی تەواوکراون، قۆناخی دووەم لە پردی هیزۆپەوە تاوەکو نزیکی خەلەکان 45٪ـی کارەکانی تەواوکراون، بەڵام پڕۆژەکە وەستاوە و ''پلانمان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا دوای جەژنی قوربان کارکردن تێیدا دەستپێبکاتەوە.''
هەرچی قۆناخی سێیەمی پڕۆژەکەشە، لە خەلەکانەوە دەستپێدەکات تاوەکو دووکان کە 10 کیلۆمەترە؛ وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت: ''خستوومانەتە چوارچێوەی قەرزی بانکی نێودەوڵەتی و چاوەڕێی پەسندکردنی وەزارەتی پلاندانانی عێراقین، ئەگەر وەزارەتی پلاندانانی عێراق قەرزەکە پەسند بکات، ئەم ساڵ دەتوانین تەندەرینی پڕۆژەکە دەستپێبکەین.''
بەگوتەی دانا عەبدولکەریم، "کۆی ئەو پڕۆژانەی رێگەوبان کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێکراون و کاریان تێدا دەکرێت، زیاتر لە 240 پڕۆژەن و بەگوژمەی زیاتر لە 900 ملیار دینارن کە رێگەی ستراتیژی و بچووک لەخۆدەگرن و کاری زۆریان تێدا کراوە."
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێـمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، درێژیی ئەو پڕۆژانەی رێگەوبان کە تاوەکو ئێستا جێبەجێکراون، زیاتر لە هەزار و 300 کیلۆمەترن و رێگەی زیاتر لە 200 گوندیش قیرتاو کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ