قوباد تاڵەبانی: چارەسەر بۆ کێشەی وانەبێژان دەدۆزرێتەوە

10-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لەنێوان بەغدا و هەولێر، کێشەی پەیوەندیدار بە مووچەخۆران چارەسەر دەکات. گوتیشی، "بێگومان ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت."
 
ئەمڕۆ دووشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە قەڵادزێ رایگەیاند، "سەردانێکی تێروتەسەل بوو و چەند پڕۆژەی گرنگمان بەسەر کردووەتەوە، بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی کشتوکاڵیمان دانا، پڕۆژەی گواستنەوەی کارەبای بازیان - رانیەمان کردەوە کە لە دەستپێکی کابینەوە بەردی بناخەی دانرا و ئێستا کار دەکات."
 
قوباد تاڵەبانی باسی لە نەخۆشخانەی کۆنی قەڵادزێ کرد کە دوای کردنەوەی نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی شارەکە داخراوە و گوتی، "ساڵێکی دیکە دێینەوە بۆ [کردنەوەی] ئەم بینایە و دەبێتە نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون و منداڵان."
 
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، داوایان لە بەڵێندەری نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکە کردووە، لە ئەمڕۆوە دەستبەکار بن، "هیوادارین ئەمەش هەنگاوێکی دیکە بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی تێکۆشەری ئەم دەڤەرە."
 
 
پرسی مامۆستایانی وانەبێژ
 
لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار و 740 مامۆستای وانەبێژ هەن و داوای دامەزراندن دەکەن. قوباد تاڵەبانی لەوبارەوە دەڵێت، "چەند قۆناخێک هەن، بەر لە هەموو شتێک ئێمە مامۆستا و فەرمانبەرمان هەیە کە گرێبەستن، لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارمان داوە بکرێن بە هەمیشەیی، هەروەها لەو چوارچێوەیەدا بڕیارمان داوە چارەسەر بۆ کێشەی وانەبێژانیش بدۆزرێتەوە."
 
جێگری سەرۆکی حکومەت ئەوەشی خستەڕوو، "پێموایە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێـمی کوردستان، یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە پەیوەندیدارن بە مووچەخۆرانەوە، گەشبینم چارەسەری هەیە و چارەسەریش دەبێت."
 
لە هەرێمی کوردستاندا 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە تێکڕای مووچەیان 14 ملیار دینارە. بەپێی بەدواداچوونی رووداو، 15 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە وەزارەتی شارەوانین کە زۆرترینە، وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، تەندروستی و پەروەردە لە پلەکانی دووەم تاوەکو چوارەم دێن.
 
بێکاری و کۆچکردنی گەنجان
 
لە قەزای قەڵادزێی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ساڵانە زۆرترین گەنج بۆ دەرەوە کۆچ دەکەن و هۆکاری سەرەکیش نەبوونی هەلی کاری پێویست لە ناوچەکەیە.
 
قوباد تاڵەبانی گوتی، "دەبێت هەوڵ بدەین لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی، کەرتی تایبەت و زانکۆ، ئابووریی ئەم ناوچەیە بەهێزتر بکەین. ئێرە ناوچەیەکی کشتوکاڵی، گەشتیاری و بازرگانییە، ئەمانە هەموو رێگەخۆشکەرن بۆ گەشەکردنی ئابوورییەکی بەهێز."
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، ئەگەر ئابووریی ناوچەکە بەهێزتر بکرێت و گەشەکردنێکی هاوسەنگ لە ئابووریدا هەبێت، هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێت، "کە ئومێدێکی زیاتر دەبەخشێتە گەنجان، بۆئەوەی بەدوای ژیانێکی دیکەدا نەگەڕێن، ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە و لە گەشەکردنی نیشتمانەکەیاندا بەشدار بن."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا کە مانگی 9ی ساڵی رابردوو بڵاوکرایەوە، لە هەشت مانگی رابردوودا نزیکەی 3000 کەس لە ئیدارەی راپەڕینەوە بۆ گەیشتن بە وڵاتان، کۆچیان کردووە.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
 
بەهۆی بوونی ژمارەیەک سکاڵای یاسایی و بڕیاری دادگای فیدراڵی لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرابوو، کە 10ی ئەم مانگەیە، هەڵبژاردن ناکرێت و هێشتا وادەی نوێ بۆ بەڕێوەچونوی پڕۆسەکە دیاری نەکراوە.
 
قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە، "بێگومان ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، پێموانییە گۆڕانکاریش لە سیستمی هەڵبژاردندا بکرێت، بڕیارەکەی دەرکراوە و یاساکە روونە، تەنیا ماوەتەوە دەستنیشانکردنی وادەی هەڵبژاردن."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 5ی ئەیلوولی وەکو وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیاز کردووە و چاوەڕێی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەرسوومی سەرۆکایەتی دەکات بۆ دەستنیشانکردنی وادەکە.
 
گرفتی رێگەوبان
 
قوباد تاڵەبانی لە سەردانەکەیدا پڕۆژەی شەقامی 60 مەتریی رانیەی بەسەرکردووەتەوە و گوتی، "چەند قۆناخێکی جێبەجێکراون، چەند قۆناخێکی نزیکن لە کۆتایی و چەند قناخێکیش هێشتا کاریان تێدا نەکراو، لە دوای ئەم سەردانەمان، ئاسانکاری دەکەین بۆ ئەوەی کاری تێدا بکرێت."
 
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، "بە گشتی لە هەرێمی کوردستان کێشەی رێگەوبان هەیە، لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگەچارەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکان بەرەبەرە پارەدار بکرێنەوە."
 
کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران
 
6ی حوزەیران، دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرا، بەڵام هێشتا گەنمی ساڵی رابردوو لە هەندێک لە سایلۆکاندا ماوەتەوە، ئەمەش ئاستەنگی بۆ رادەستکردنی گەنمی جووتیاران دروستکردووە. قوباد تاڵەبانی دەڵیت، "لەوبارەوە وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ لە پەیوەندیدان و لەگەڵ جووتیارە بەڕێزەکانیش پەیوەندی هەیە و لە سەر هێڵین، بۆ ئەوەی بەرهەمی کەس نەفەوتێت."
 
جێگری سەرۆکی حکومەت لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا کە سەرچاوەی بودجەی ئەو پڕۆژانەی لە راپەڕین دەخرێنەوەگەڕ حکومەتە یان پارێزگای سلێمانی گوتی، "ئەم پڕۆژانەی کە وەگەڕدەخرێنەوە لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستانن، شتێک نەماوە بە ناوی بودجەی سلێمانی و هەولێر، یەک بودجە هەیە، یەک هەرێم هەیە، یەک قەبارە هەیە، یەک داهات هەیە و یەک خەرجیش هەیە."
 
رۆژنامەڤانێک لە زاری هاونیشتمانییانەوە ئەو بابەتەی خستەڕوو کە "بۆچی بەپێچەوانەی سلێمانی، لە هەولێر پڕۆژەکان ناوەستن." قوباد تاڵەبانی ئاماژەی دا، "لە هەولێریش پڕۆژەکان دەوەستن، هیوادارم ئێوە نەبن بە بەشێک لەوەی کە زۆنێک دەکات بە شامی شەریف و زۆنێک دەکات بە وێرانە. پێمخۆشە نەبێت، بەڵام کوردستان بە گشتی کێشەی کارەبا، ئاو و رێگەوبانی هەیە؛ کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەمانە نەبن، بەڵام ئەم جۆرە قسانە و ئەم جۆرە لێکدانەوانە راست نین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ئەمڕۆی کەرکووک کە خۆڵبارینێکی چڕ بوو. وێنە: محەممەد شکور - رووداو

لە کەرکووک بوومەلەرزە روویدا

ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکووک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.6 پلە بە پێوەری رێختەر روویدا. ئەمە دووەمین بوومەلەرزەیە لە ماوەی هەفتەیەکدا لە سنووری کەرکووک تۆمار دەکرێت.