شارەوانییەکانی گەرمیان: زەوی بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا ئامادەیە

10-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان دەڵێت، لە سەرجەم شارەوانییەکانی گەرمیاندا زەوی بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا ئامادەکراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، جۆرەکانیان کشتوکاڵی و ناکشتوکاڵین.
 
رۆژی دووشەممە 10-06-2024 بەرزان کەریم مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا رایگەیاند، "ئەو بڕیارە کاریگەرییەکی باشی لەسەر کەمکردنەوەی کرێنشینی دەبێت و بارگرانیی سەر فەرمانبەران کەم دەکاتەوە."
 
27ی ئاداری 2024 ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە راسپارد.
 
بەرزان کەریم گوتی، "لە سەرجەم شارەوانییە پەیوەندییدارەکانی گەرمیان زەویی پێویست بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا ئامادە کراوە و وەزارەتی شارەوانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی زەوییەکان و تەواوکردنی رێکارەکانە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان، بەشێک لە زەوییەکان دەکەونە نەخشەی بنەڕەتیی شار و بەشێکیشیان لە دەرەوەی شارن، واتە جۆری زەوییەکان کشتوکاڵی و ناکشتوکاڵی دەبن.
 
وەکو بەرزان کەریم دەڵێت، "ئێستا لە سنووری سەرجەم شارەوانییەکانی گەرمیان زەویی پێویستیان بۆ دابەشکردن بەردەستە و بە زیادەوە بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان ئامادە کراون."
 
ئەو پارچە زەوییانەی بڕیارە دابەشبکرێن، رووبەرەکەیان 200 مەترە و بڕیارە هەموو ئەو فەرمانبەرانە بگرێتەوە کە سوودمەند نەبوون و لە سنووری خۆیان پێیان بدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە