رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ لە بەشێکی هەرێمی کوردستان تاوەباران دەبارێت و خێرایی باش بەردەوام دەبێت. کەشناسێکیش دەڵێت، هەورەبرووسکەی ئەمڕۆ و سبەی لە زەوی دەدات و مەترسیدارە.
ئەمڕۆ دووشەممە 10-06-2024 کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاسمان هەور دەبێت و تاوەباران و هەورەبرووسکەی پچڕپچڕ دەبێت، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین، گەرمیان و سۆران.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ "تۆز و خۆڵ" لە بەشێکی هەرێمی کوردستان دەبێت و تاوەکو ئێوارە بەردەوام دەبێت.
کەشناسی دەڵێت، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما 2 بۆ 4 پلە دادەبەزێت و لە هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستانیش دابەزینی پلەی گەرما دەگاتە 6 پلەی سیلیزی.
لە ئێوارەی دوێنێوە رەشەبا بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە چەند دارێک شکاونەتەوە. لە چەند ناوچەیەکیش بەهۆی رەشەباوە چەند ئاگرێک تەشەنەیان کرد. کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆش خێرایی با بەردەوام دەبێت بۆ نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو رەشەبایەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە لە سبەیەوە لاواز دەبێت. گوتیشی: "سبەی بارانبارینی ناوبەناو لە ناوچە کوێستانییەکان هاوشێوەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت."
ئەمڕۆ لە سنووری قەزای کفری بەهۆی هەورە برووسکەوە گەنجێکی 14 ساڵ گیانی لەدەستدا. محەممەد کەمال گوتی، "ئەمڕۆ و سبەی هەورەبرووسکە بەردەوام دەبێت و هەمووشیان لە زەوی دەدەن و مەترسیدارن."
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەیانیدا لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان "کەمێک تاوەبارانی پچڕپچڕ دەبارێت و ئێوارە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ