رووداو دیجیتاڵ
لە دهۆک شەڕ روویدا و بەهۆیەوە پێنج کەس بریندار بوون. پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، شەڕەکە بەهۆی قەرزەوە بووە و ئەو کەسانەیش کەسوکاری یەکدین.
شەوی چوارشەممە، 10-05-2023، لە ناوەندی شاری دهۆک بەهۆی شەڕێکی دەستەویەخەوە کە دواتر چەک و چەقۆشی تێدا بەکارهێنرا، پێنج کەس بریندار بوون و دەگوترێت شەڕەکە بەهۆی قەرزەوە بووە.
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دۆخی بریندارەکان گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ یەک لە بریندارەکان مەترسیی گیانلەدەستدانیان لەسەر نییە و لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکەش بەردەوامە. گوتیشی، ''هەردوو لایەنی شەڕ خەڵکی یەک گوندن.''
نایف رەمەزان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، لە شەڕەکەدا چەک بەکارهێندراوە و سێ کەس بە گولـلە بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و تاوەکو ئێستاش کەس بەهۆی شەڕەکەوە دەستگیر نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ