وەزیری پلاندانان: وەزیرانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵی یۆنان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن

10-04-2025
پەیمان محەممەد
د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و یۆنان پێشڤەچوونی باشیان هەبووە؛ گوتیشی، ''لە کۆڕبەندی ئابووریی دێلفی، بە فەرمی بانگهێشتی وەزیرانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵی وڵاتەکەمان کردووە و ئەوانیش بەخۆشییەوە قبووڵیان کرد.''
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 10-04-2025) د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی دێلفی لە یۆنان قسەی بۆ زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''ئەو کۆڕبەندە بایەخێکی تایبەتی هەیە، هەرێمی کوردستانیش کە بەشداریی تێدا کردووە، زیاتر پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ یۆنان بەتایبەتی و وڵاتانی دیکە تاوتوێ دەکات.''
 
کۆڕبەندەکە دوێنێ دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو 12ـی مانگ بەردەوام بێت. 
 
دارا رەشید گوتی، ''دوێنێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیرانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری یۆنان هەبوو، چونکە پێمانوایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوو سێکتەری زۆر گرنگ هەن کە کشتوکاڵ و گەشتوگوزارن، بەڵام پێشتر وەکو پێویست بایەخیان پێنەدراوە.''
 
بەگوتەی وەزیری پلاندانان ''لێکتێگەیشتنی زۆر باش'' لەنێوانیان دا هەبووە، دەڵێ ''پێموایە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەم و ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە لە هەرێمی کوردستان دەبینرێن.''
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتیی شاندی هەرێمی کوردستان دەکات لە یۆنان.
 
 د. دارا رەشید ئاشکرای کرد، قوباد تاڵەبانی بە فەرمی بانگهێشتی هەردوو وەزیری گەشتوگوزار و کشتوکاڵی یۆنانی کردووە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، ''بەخۆشییەوە ئەوانیش قبووڵیان کرد کە سەردان بکەن و تیمی هونەریی خۆیان بنێرن.''
 
وەزیری پلاندانان گوتیشی، ''پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان پێشڤەچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە و ئەمڕۆش کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆنان هەبوو، بابەتە سیاسی، دارایی و پەیوەندییەکانی نێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و یۆنان تاوتوێ کران.''
 
کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووریی دێلفی لە یۆنان بەردەوام دەبن. 
 
وەک دارا رەشید گوتی، قوباد تاڵەبانیش لە پانێڵێک بەشدارە و، ''باسی پێشکەوتنەکانی کوردستان، پرسی ئابووری، سێکتەری کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، بازرگانی، سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان دەکات''.
 
کۆڕبەندی ئابووریی دێلفی، ساڵانە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتان، کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکان لە شاری دێلفیی یۆنان بەڕێوەدەچێت و کۆمەڵێک بابەتی گرنگی نێودەوڵەتی دەخرێنە بەرباس، کە ئەمساڵ تاوەکو 12ـی نیسان بەردەوام دەبێت.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە