رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان ئەگەر پارتیش بەشداری نەکات. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتیش دەڵێت، "مەبەستمانە ئەو بابەتە نادەستووری و نایاساییانەی لەسەر کوردستان فەرز دەکرێن ئاستێکیان بۆ دابنێین".
ئەندامێکی سەکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، ئەگەر پارتی بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا نەکات و ئەوان زۆرینە بەدەستبێنن، حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان پێکدێنن.
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، "ئامادەکاریمان بۆ هەڵبژاردن کردووە و پێمان وایە دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت".
لەبارەی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکەدا و هەڵوێستی یەکێتی، ستران عەبدوڵڵا گوتی، " لەگەڵ پارتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پێکەوەین و پەنجەرەی زۆرمان هەیە کە دەرفەتن بۆ گفتوگۆ لەگەڵیان، بەڵام ئێمە لایەنێکی هەڵبژاردنەکەین؛ لایەنێکی چارەسەرکردنی کێشەکانی پارتی نین لە هەڵبژاردندا".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، هەڵبژاردن بەڕێوەچوو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامەکەیان پەسند کرد و کۆمیسیۆن ئەنجامەکەی بڵاوکردەوە، ئەوان پابەندی ئەنجامەکەی دەبن و "ملی پێوە دەنێین بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان. ئەگەر بەشێک بین لە پرۆسەی دیموکراتی، دەبێت بەو جۆرە بێت".
ستران عەبدوڵڵا گوتی، یەکێتی حەزدەکات پارتی بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات، چونکە پێویستیان بە یەکدییە؛ گوتیشی، "هیوادارین حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆکایەتییەکەی بەدەستەوەبێت و پێکیبێنێت، کە ئەوەش بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی".
کۆمەڵ و یەکگرتوو: پێویستە هەڵبژاردن دوانەخرێت
عوسمان کاروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەبێت هەموومان هاوئاهەنگ بین بۆ بەرەپێشبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. هەر هێزێکیش بەربەست لەبەردەمیدا دروست بکات، باجی قورس دەدات. هەر هێزێکیش بەشداری نەکات دروستکردنی بەربەستە لەبەردەم پرۆسەی سیاسی و گەشەی دیموکراسی".
هاوکات فارووق عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، کە لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا میوان بوو گوتی، "پارتی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی بە دڵ نەبووە، بەڵام هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەدڵیانن. ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن لەو رۆژەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە".
فارووق عەلی گوتی، ئەوان نایانەوێت بە هیچ بیانوویەک هەڵبژاردن دوابخرێت؛ گوتیشی، "لایەنە سیاسییەکان ئامادەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بەڵام ئایا پارتی رێگە دەدات لە سنووری دەسەڵاتی ئەودا هەڵبژاردن بکرێت؟ رێگە دەدات کۆمیسیۆن لە سنووری هەژموونی ئەودا هەڵبژاردن بەڕێوەببات؟ ئەوە دەکەوێتە سەر سیاسەتی پارتی".
لەبارەی هەڵوێستی پارتییەوە، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ناچینە هەڵبژاردنێکەوە کە کەسانێک دیزاینیان کردبێت".
پشتیوان سادق گوتی، "لە ساڵی 1992ـەوە کە هەڵبژاردن دەکرێت، حیزبی یەکەم بووین. لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراقدا کە پاکترین هەڵبژاردن بوو، وێڕای ئەوەی 400 هەزار کەس پەنجەمۆریان نەیخوێندەوە بۆ دەنگدان، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی هێنا کە هیچ لایەنێک هێندەی نەهێنا. ئەو کاتە کۆتا نەبوو بڵێین پارتی لەگەڵ کۆتا ئەو کورسییانەی هێناوە".
رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تاوەکو ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان رەتیدەکاتەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکات. پشتیوان سادق گوتی، "کاتێک دەڵێین بەشداری ناکەین، مەبەستمان ئەوەیە ئەو بابەتە نادەستووری و نایاساییانەی لەسەر کوردستان فەرز دەکرێن ئاستێکیان بۆ دابنێین و دەستوور دادوەر بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
18ـی مانگی ئادار، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ