کوردستان
ئومێد خۆشناو شەوی رابردوو لەکاتی بەسەرکردنەوەی شوێنەکانی پەنگخواردنەوەی ئاوی باران، وێنە: پەیجی فەیسبووکی پارێزگای هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو بەهۆی بارانبارینەوە لە چەند شەقام و گەڕەکێکی هەولێر ئاو کۆبووەوە و چەند ماڵێکیش ئاویان تێچوو. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئەو کەموکورتییانە چارەسەر دەکەن کە دەبنە هۆی "پەنگخوارنەوەی ئاو."
شەوی رابردوو لە هەولێر لە چەند کاژێرێکدا 37.7 ملیمەتر باران باری و بووە هۆی پەنگخواردنەوەی ئاو لە چەند شەقام و گەڕەکێک و ئاستەنگی هاتووچۆی دروستکرد.
لەکاتی بارانبارینی زۆردا لە ماوەیەکی کەم، ئەو شوێنانەی هەولێر زۆرترین ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە ئەمانەن؛ بازاڕی تەیراوە، سەیداوە، سێتاقان (نزیک دووکانی جوانکارییەکانی سەر شەقامی شەست مەتری)، گڵکەند و شەقامی 100 مەتری، نزیک فامیلی مۆڵ.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەریگرتووە، شەوی رابردوو جگە لە ئاستەنگیی هاتووچۆ، "چەند ماڵێکی کەم" ئاویان تێچووە، بەڵام لافاو هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
لە راگەیێندراوێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوی کردووەتەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "چەند کەموکوڕییەک لە شاری هەولێر هەن کە لە کاتی بارانبارینی زۆردا ئاوێکی زۆر تێیدا پەنگدەخواتەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا چارەسەریان دەکەین".
ئومێد خۆشناو لەکاتی بارانبارینەکەشدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە شاری هەولێر باریوە و لە چەند ناوچەیەکی هەولێر ئاو هەستاوە، بەڵام هیچ مەترسییەک بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان دروستنەبووە بەهۆی ئامادەباشی و بەدەمەوەچوونی تیمەکان."
بۆ رێگری لە کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو لە هەولێر، پارێزگاری هەولێر گوتی، "لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند پرۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی یەکجاری ئەو کێشەیە جێبەجێ دەکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ