رووداو - هەولێر
ئەمساڵ گوڵە گەنمەکان گەورە و پڕ دانن، قەدەکانیشیان ئەستوور بۆ ئەوەی توانای راگرتنی کێش و قەبارەی گوڵەکانیان هەبێت؛ ئەمەش دوو لەو ئاماژانەن کە ساڵ ساڵی گەشەی دەخڵ و دان بێت.
فرسەت حاجی مستەفا، جووتیار دەڵێت، "لە ساڵی 2018وە باران بەو شێوەیە نەبووە و هەم لە کاتی خۆشی بێت؛ بۆیە ئەمساڵ شوکری خودا تاوەکو بڵێی گەنمەکانمان جوان و پڕ گوڵن و گەشەی چاکیان هەیە."
لە دەشتی هەریر و باتاس، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 420 ملیمەتر باران باریوە، زیاتر لە 3000 جووتیار رووبەری نزیکەی 90 هەزار دۆنمیان بە گەنم و جۆ چاندووە، بەڵام سن و کیسەڵە لەنێو کێڵگەکان زۆرە و حکومەت هاوکاریان نەبێت لە پێدانی دەرمانی قڕکەر، دەنکی گەنمەکان شیلەیان تێدا کەم دەبێت.
نەجات مەحموود، جووتیار ئاماژە بەوە دەکات، "رەنگە ئەمساڵ یەک و 20 تاوەکو یەک و 30 ببڕێت بەو مەرجەی سن و کیسەڵە کێشەمان بۆ دروست نەکات، چونکە وەکو ساڵی رابردوو پەیدا بووەتەوە و داواکارین لە حکومەت هاوکارمان بێت بە پێدانی دەرمانی قڕکەر."
ماوەی 10 ساڵە، کەمیی گەشەی گەنم و جۆ، نرخی کای بۆ 10 هێندە زیاد کردووە. ئەمساڵ "کا"یش زۆر دەبێت و نرخیشی دادەبەزێت.
بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو، ئەمساڵ لە باشووری کوردستان لە کاتێکی گونجاودا باران باری و پەڵە کەوت، دەخڵ و دان پێش هاتنی مانگی سەرماوەرز چێندران.
فەریق حەسەن، ئەندازیاری کشتوکاڵی دەڵێت، "ئەمساڵ لە سەرەتای وەرزی باران بارین زوو پەڵە کەوت و چاندنی دەخڵ و دان دوانەکەوت، هەروەها لە کات و ساتی خۆیدا باران باریوە و ئەگەر تاوەکو نزیک دروێنەش باران بەردەوام بێت، بێگومان گەشەی زیاتر دەکەن."
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمساڵ رووبەری زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە دەخڵ و دان چێندراوە. چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمی گەنم و جۆ بڕی نیو ملیۆن تۆن بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ