رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە واشنتنە. یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی شاندەکەیە دەڵێت، لایەنی ئەمریکی لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە؛ گوتیشی، هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.
رۆژی شەممە، 10-02-2024، فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەبارەی سەردانی شاندەکە گوتی، ''ئەمریکا دۆستایەتی و پشتیوانییەکی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە".
فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتەدان لەگەڵ عێراق و گوتی، ''ئێمە چی بۆ هەرێمی کوردستان و چی بۆ عێراق بێت، خوازیاری ئەوەین لە بەرژەوەندیی هەردوولا پەیوەندییەکی ستراتیژیی درێژخایەن هەبێت."
''پێشکەوتن لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا هەیە''
سەردانی شاندەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، کۆبوونەوەیەکی لیژنەی "بەڕێوەبەریی جێبەجێکاری" کە لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانە، لە رۆژی 29-01-2024، لەسەر چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''جێگەی خۆشحاڵییە کە پێشکەوتن لە پڕۆسەکەدا هەیە، رەنگە لەسەرخۆ بێت و لە ئاستی چاوەڕوانیی هەردوولادا نەبێت، بەڵام پێشکەوتن هەیە و بەرنامەکە وەک خۆی بەڕێوەدەچێت.''
فەلاح مستەفا گوتیشی، ئەمریکییەکان لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پشوویان درێژە و رایگەیاند، ''راستە هەندێک جار تووشی نائومێدی بوون و پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە دەبووایە خێراتر کرابا، بەڵام گرنگ ئەوەیە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەیە وەک ئەوەی هەیە.''
وەک یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکرد، رەخنەی ئەمریکییەکان لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کەمبووەتەوە و ''چەندە پێشکەوتن هەبێت، هێندە زیاتر رەخنەش کەمتر دەبێتەوە، بەڵام رەخنەکانیان لە سۆنگەی دۆستایەتی و خەمخۆریی ئێمەوەن.''
''هاوکاریی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت''
هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە دەستپێکردنی شەڕی داعشەوە لە ساڵی 2014 بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یارمەتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەدەن؛ یارمەتییەکەش لە چوارچێوەی بودجەی تایبەتی پێنتاگۆنە بۆ پڕچەککردن و مەشقپێکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق. فەلاح مستەفا گوتی، ''بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە هەیە، هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.''
یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ''هیوادارین هاوکاریی و پشتیوانیی ئەمریکا بۆ سوپای عێراق، هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بگرێتەوە، چونکە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراقی، بۆیە شایستەی ئەوەیە بە هەمانشێوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.''
دەرچوون یان مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق
دوای 7ـی ئۆکتۆبەر و دەستپێکردنی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان، هێزەکانی نزیک لە ئێران بە پاساوی ئەوەی ئەمریکا پشتگیری لە ئیسرائیل دەکات، زیاتر لە 150 جار هێرشیان کردووەتەوە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە سووریا و عێراق. ئەمریکاش چەندین جار وەڵامی داونەتەوە. ئێستا زۆربەی لایەنە شیعەکان خوازیاری ئەوەن هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەهۆی ''پێشێلکردنی سەروەری''ـی خاکی عێراقەوە ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
فەلاح مستەفا لەوبارەوە گوتی، ''دوای 10 ساڵ لە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بێگومان پێویستە لایەنی ئەمریکی و عێراقی پێکەوە دابنیشن بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەن و شێوازی پەیوەندیی داهاتوویان دیاری بکەن.''
یاریدەدەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، لەگەڵ کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمریکادان بۆ ئەوەی بە بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە بگەن؛ گوتیشی، بێگومان هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە لەسەر ئەو هەڕەشانەی کە هەن، هەروەها ئامادەیی هێزەکانی عێراقی و هەرێمی کوردستان، بڕیار لە شێوازی مانەوەی هاوپەیمانان و داهاتووی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق دەدەن.''
''هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بنکۆڵکردنی دەسەڵاتی سوودانییە''
بەشێک لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە سێ مانگی رابردوودا بۆسەر هەرێمی کوردستان کراون؛ هاوکات سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە 15ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل-مۆساد لە هەولێر، بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شارەکە و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. مستەفا فەلاح لەوبارەوە دەڵێت، ''ئێمە ئەو بابەتەمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا باسکردووە، چونکە ئەمە بنکۆڵی دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە.''
یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ''عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و پێویستە بەرگری لە سەروەریی خۆی بکات. ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کار دەکەین بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ پێشێلکردنی سەروەریی عێراق دابنرێت.''
''دەبێ دادگەی فیدراڵی روونکردنەوە لەسەر دواخستنی سکاڵاکە بدات''
سکاڵایەک لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە کە پەیوەندی بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە و چەندین جار دانیشتن لەبارەی سکاڵاکە لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە دواخراوە، کە ئەمەش بووتە هۆی دواکەوتنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''نیگەرانین لە دواخرانی سکاڵاکە، چونکە بێ پاساوە. ئەو پرسەی کە چەند مانگێکە لە دادگەی فیدراڵیی عێراق دوادەخرێت. پێویست بوو یەکلایی بکرێتەوە و بڕیاری لەسەر بدرێت.''
فەلاح مستەفا گوتی، پێویستە دادگەی فیدراڵی روونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری دواخستنی یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە بدات، ''چونکە ئێمە چاوەڕوانی دوا بڕیاری دادگەین بۆ ئەوەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کاتێکی گونجاو بۆ وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.''
لە سکاڵاکەدا داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە کە پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی دادگەی فیدراڵییە لەسەر مەلەفەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ