گومرگی کرماشان: ترانزێتی کەلوپەل 95٪ زیادیکردووە

09-12-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گومرگی کرماشان ئامارەکانی ترانزێتی کەلوپەلی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ترانزێتی کەلوپەل لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە لە ماوەی هەشت مانگدا 95٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیار و 770 ملیۆن دۆلار.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە هەشت مانگی رابردوودا سێ ملیۆن و 496 هەزار تۆن کەلوپەل، بایی یەک ملیار و 770 ملیۆن دۆلار لە رێگەی گومرگی کرماشان و دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان و خوسرەوی ترانزێت کراون.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە گوتی، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، ترانزێتی کەلوپەل لە کرماشان لەڕووی کێشەوە 52٪ و لەڕووی نرخیشەوە 95٪ زیادی کردووە.
 
گوتیشی، زیاترین ترانزێت لە دەروازەی سنووریی خوسرەوی بووە و سێ ملیۆن و 496 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار و 770 ملیۆن دۆلار لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە ترانزێت کراوە کە دەکاتە 98٪ی کۆی گشتیی ترانزێتی هەموو گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی کرماشان.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان ، بڕی 311 تۆن کەلوپەل بایی یەک ملیۆن و 950 هەزار دۆلار لە دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە ترانزێت کراوە کە دەکاتە 1٪ی ترانزێتی پارێزگاکە. هەروەها تەنیا ٤ تۆن کەلوپەل بە بەهای 581 هەزار دۆلار لە رێگەی گومرگی کرماشانەوە ترانزێت کراوە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە رایگەیاند، زیاترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە ترانزێت کراون بریتین لە: مازۆت، نەفتا، روونی پیشەسازی، قیر و کاخەز.
 
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار دەروازەی سنووری هەن کە سێیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
 
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شوشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووری خوسرەویش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە