تەندروستیی سۆران: تەنیا دوو بریندار لە نەخۆشخانە ماون و تەندروستییان جێگیرە

09-12-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران دەڵێت، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردووی سۆران 21 کەس گەیێندرابوونە نەخۆشخانە و ناسنامەی 12 کەس لە مردووەکانیش ئاشکرا دەکات. 
 
رۆژی شەممە، 09-12-2023، دکتۆر کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارانی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران رایگەیاند، تەنیا دوو کەس لە برینداران لە نەخۆشخانەدا ماون کە لە ژێر چاودێریی چڕدان و ئێستا باری تەندروستییان جێگیرە.
 
شەوی رابردوو کاژێر 08:15 ئاگر لە باڵەخانەیەک لەسەر رێگەی سەرەکی سۆران – چۆمان لە گەڕەکی جووندیانی سۆران کەوتەوە. بەگوتەی کامەران مەلا محەممەد، لە ئەنجامی رووداوەکە 21 کەس گەیێندرانە نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکانی قەزای ناوەندیی سۆران کە 14 کەس لەوان گیانیان لەدەستدا و لەو ژمارەیەش نۆ کەسیان پیاون و پێنج کەسەکەی دیکە ژنن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران باسی لەوە کرد، زۆربەی هاووڵاتییەکان بەهۆی ژەهراویبوون بە دووکەڵ گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون و ''بە هیچ جۆرێک'' سووتانیان تێدا نییە، ''جگە لە قوربانییەک کە رێژەی سووتانی 1٪ کەمتر بووە و ئەوەش هەژمار ناکرێت."
 
کامەران مەلا محەممەد گوتی، تائێستا ناسنامەی 12 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە دیاریکراوە کە دووانیان هاوژینن و خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن؛ چواریان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن؛ پێنج کەسیان خەڵکی شاری بەغدا؛ هاونیشتمانییەکیش خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە؛ گوتیشی، ''ناسنامەی دوو لە قوربانییان کە پێ دەچێت هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان بن، بە تەواوی دیار نییە."
 
بەڵام ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، پێنج کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان؛ پێنجی دیکەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، دووانیان خەڵکی بەغدان، دووانیشیان خەڵکی ناوچەکەن.
 
بە گوتەی شایەتحاڵان کە تا ئێستا بە شێوەی فەرمی پشتڕاستنەکراوەتەوە، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە شۆرتی کارەبا بووە؛ گوتەیەکی دیکەش هەیە کە گوایە گەشاندنەوەی خەڵووزی نێرگەلە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکە کە کارگەی دروستکردنی قەنەفەیە، بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە.
 
بەڵام تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان نەداوە. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران دەڵێت، کەسوکاری سەرجەم ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ئاگادارکراونەتەوە کە بۆ وەرگرتنی تەرمەکانیان سەردانی دادپزیشکیی سۆران بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە