رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بازرگانی زیادیکردووە و گوتیشی، ''بەرهەمە خۆماڵییەکانمان هەناردەی بازاڕەکانی کەنداو، وڵاتانی ئەوروپی و بەریتانیا دەکرێن''.
رۆژی شەممە 09-12-2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی زۆربوونی هەناردە و دابەزینی رێژەی هاوردنی کاڵا دەڕوات.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی، ''هەرچەندە هەناردەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبووە و تائێستا ژێرخانێکی ئابووریی باشمان نییە، بەڵام کار بۆ ئەوە دەکرێت ژێرخانێکی ئابووریی باش بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵی و پیشەسازی پێکبهێنرێت و پەرە بە بەرهەمە نێوخۆییەکان و هەناردەیان بدرێت".
سێ جۆرە هەنگوین لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت کە هەنگوینی کێوی لە نایابترینیانە و دوور لە ئاوەدانی و لە دەستی مرۆڤە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی رابردوودا دوو تۆن هەنگوین هەناردەی دەرەوە کراوە؛ گوتیشی، ''بەرهەمی خۆماڵیی هەنار، پەتاتە، تەحین و گوێزیش هەناردەکراون و دەمانەوێت وەکو براندێکی هەرێمی کوردستان بازاڕیان بۆ بدۆزینەوە".
بەگوتەی نەوزاد شێخ کامیل، بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەرێمی کوردستان بە کواڵیتییەکی باش هەناردەی بازاڕەکانی کەنداو، وڵاتانی ئەوروپی و بەریتانیا کراون و هەوڵ دەدرێت لە داهاتووشدا هەناردەی بەرهەمە نێوخۆییەکان زیاتر بکرێت.
رۆژی 06-12-2023، رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی تیمی وەزارەتەکەیە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیار و باخەوانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەناردەکردنی هەنار بۆ ئیمارات و قەتەر بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 50 تۆن گەیێندراوەتە ئەو وڵاتانە".
ساڵی رابردوو دوو هەزار تۆن هەناری هەرێمی کوردستان هەناردەی ئیمارات کرا و لەوێشەوە نێردرایە بەشێکی دیکەی وڵاتانی کەنداو.
رزگار حەمەد خدر ئاماژەی بەوەکرد، ئەم ساڵ 60 تۆن هەناریان رەوانەی بەریتانیاش کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ